مەترسی لەسەر ناوچە شوێنەوارییەکانی کفری هەیە

زیاتر لە 300 شوێنەواری مێژوویی لە شارۆچكەی کفری ھەیە
کۆشکی "مەجید پاشای بابان" لە شارۆچکەی کفری
کۆشکی "مەجید پاشای بابان" لە شارۆچکەی کفری

K24 - هه‌ولێر:

شارۆچكەی كفری پڕه‌ لە ناوچەی شوێنەوار و کەلەپور و کولتووری، بەڵام فەرامۆشکردن و نۆژەن نەکردنەوەی  شوێنەوارەکانی شارەکە بووەتە ھۆکارێك رۆژ بەڕۆژ شوێنەوارە مێژوییەکانی دابڕوخێن و سوودی گەشتیاری و مێژوویی بۆ نەوەکانی شارەکە و ناوچەکەش نەبێت، ھاوڵاتییەکیش کە ماڵەکەی دەکەوێتە تەنیشتی "قەیسەری کۆن"ی کفریەوە، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، چەندین شوێنی گرنگی شوێنەواری پەراوێز خراون و نەتوانراوە ھیچ سوودێكی گەشتیاری لێوەربگیرێت.

کۆشکی "مەجید پاشای بابان" لەشارۆچکەی کفری لە سەدەی نۆزدە دروست کراوە، بەھۆی زۆری تەمەنی و گرنگینەدان بە پاراستنی وەک شوینەوارێکی مێژوویی شارەکە، ھەرەسی ھێناوە، ئەگەرچی ئەم کۆشکە میراتی بنه‌ماڵه‌ی "مەجید پاشای بابان"ە، بەڵام نەوەکانی ئامادەن بیبەخشنە شوێنەواری کفری، بە مەرجێك وەك دیزاینە کۆنەکەی نۆژەن بکرێتەوە.

عوبیەد محه‌مەد، بەڕێوەبەری شوێنەواری کفری گوتی: "کۆشکی "مەجید پاشای بابان" له‌ كۆتایی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌ درووست كراوه‌، كاتێك بابانییه‌كان له‌ سلێمانییه‌وه‌ نه‌فی كران، هه‌ندێكیان لێره‌ نیشته‌جێ بوون، تا ئێستا نه‌مانتوانیوه‌ نۆژه‌نی بكه‌ینه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ خاوه‌نه‌كه‌شی ئاماده‌یه‌ ببیبه‌خشێته‌ حكومه‌ت، به‌ مه‌رجێك نۆژه‌ن بكرێته‌وه‌".

قەیسەری کۆنی کفری، سەردەمانێك ناوەندی بازرگانی چەندین ناوچەی جیاجیای کوردستان و عێراق بووە، بەڵام وەک دەبینرێت بووەتە ویرانەیەکی تەواو و دانشتوانی دەوروبەری ئەم قەیسەریەش دەڵین بووه‌تە جێگای مار و دووپشك و شوێنی فڕێدانی زبڵ و خاشاك.

رەفعەت محەمەد، شوێنەوارناس گوتی: "قه‌یسه‌ری كۆنی كفری وای لێهاتووه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌، دوای جه‌نگێكی وێرانكه‌ر بێت، ئه‌م بازاڕه‌ پێشتر جمه‌ی ده‌هات له‌ بازرگانی جۆراوجۆر، له‌ ناوچه‌كانی قه‌ڵاچۆڵان و سوورداش و قه‌ره‌داغ و ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌ هه‌وارمانیش ده‌هاتن بۆ ئه‌م بازاڕه‌ و ئاڵوگۆڕی بازرگانیان ده‌كرد، له‌ به‌غداشه‌وه‌ بۆ كفری هاتوون".

لە شارۆچكەی کفری زیاتر لە 300 شوێنەواری مێژوویی و کولتووری و کەلەپوری ھەیە، لەگەڵ ئه‌وه‌شدا دەیان ناوچەی دیکەی شۆینەواری دۆزراوەته‌وه‌، کە ھێشتا کنەو پشکنینی بۆ نەکراوە. ئەم ھەموو شوێنەوارەش بەھۆی فەرامۆشکردنەوە ھێدی ھێدی لەگەڵ خاك تەختی زەوی دەبن.

د.ی