کۆنترین گەڕەکی بەغدا بووەتە شوێنی نیشتەجێبوونی هەژاران

مێژووی گەڕەکەکە بۆ سەردەمی عەباسییەکان دەگەڕێتەوە
kurdistan24.net

K24 - بەغدا

تیمی کوردستان24 سەردانی کۆنترین گەڕەکی بەغدا دەکات، کە لە سەردەمی عەباسییەکانەوە بونیادنراوە، لە رابردوودا ھاوشێوەی ناوچەی سەوز شوێنی حەوانەوەی دەسەڵاتداران و بازرگانەکان بووە، بەڵام ئێستا لە رووی خزمەتگوزارییەوە یەکێکە لە خراپترین گەڕەکەکەکانی بەغدا و بووەتە شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەت.

گەڕەکی شەواکە، کۆنترین گەڕەکی بەغدایە و کەوتووەتە بەشی کەرخی بەغدا و ئەڕوانێتە سەر کەناری دیجلە، لە ھەموو شوێنێکی بەغداوە خەڵکی روویان تێکردووە، سەردەمانێک ئەو گەڕەکە سەنتەری بازرگانی و سیاسی و ناوەندە زانستییەکان و شوێنی باڵیوزخانەکان بووە. باڵەخانەکانی ھەر لە کۆنەوە بە دار دیزایین و روپۆشکراوە.

باوکی محەمەد هاووڵاتییەکی دانیشتووی بەغدایە و بە کوردستان24ی گوت: "جاران شەواکەی ئەمان بوو بازاڕی نوعمان و ماسی فرۆشانی ھەبوو، خەڵکی لە بەیاع و چواردەوری بەغداوە روویان تێدەکرد، بە تایبەت لە مانگی رەمەزان کاتی خۆی کە دەھاتیتە شەواکە وەک پاریس وابوو، ھەمووی گلۆپ و رووناکی و بازاڕی میوە بوو، بەڵام ئەو ژیانەی تیا نەما".

جگە لە باڵەخانە داتەپیوەکانی، شەواکە بووەتە شوێنی نشتەجیبوونی خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەت، کە ئەمەش رەنگدانەوەی ئەو رێژە ھەژاریە کە وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە دواین روپێویدا رایگەیاندووە ھێلی سووری ھەژاری گەشتوەتە نزیکەی 31% و بێکاریش لە سەروی 40%ـە، بۆ پرسینەوە لە حاڵ و گوزەرانی ئەو گەڕەکە کۆنەی بەغدا، تیمی کوردستان24 چووە ماڵێکی کرێنشین کە تەنھا سێ ئافرەتی بێوەژن تێیدا دەژیان و نەھامەتییەکانی خۆیانیان خستەڕوو.

دایکی زەید یەکێکە لەو ئافرەتانە و گوتی: " نەک ھەر ئێمە ھەموو عێراق لە نەھامەتیدا ئەژین پەنا بۆ کوێ ببەین، من لە نەخۆشخانە کار دەکەم لە کاتژمێر 5ی بەیانی تاکو شەشی ئێوارە، مانگانە 200 ھەزار وەردەگرم ، 150ھەزار ئەدەم بە کرێ خانوو، خەرجی ماڵم لە سەرە نەخۆشمان ھەیە و ئەرکم قورسە لەگەڵ ئەوەش سوپاسی خوا ئەکەم".

بودجەی ساڵانەی عێراق کە لە سەروی 130 ترلیۆن دینارەوەیە، نەیتوانیوە پێشکەوتن لە رووی  خزمەتگوزاری و تەنانەت سادەترین مافەکان بۆ ژیانێکی شایستە و خۆشگوزەری خەڵکی بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق دابین بکات، ھەر ئەمەشە وایکردووە بەردەوام دەنگی ناڕازی لە شەقامەکاندا بڵێسەی ھەبێت و لە ھەر ئەگەرێکدا بتەقێتەوە، چونکە عێراقی شارستانیەت و دیرۆکی پڕ سەروەری کەوتووەتە پلەی یەکەمەکانی ریزبەندی گەندەڵترین وڵاتانی جیهان.