راوێژکارێکی کازمی باسی بەرزبوونەوەی بەهای دینار دەکات

K24 - هەولێر
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی رایگەیاند، باشبوونی بەهای دیناری عێراق پەیوەستە بە گەشەی ئابووری و بە گوێرەی ئاماژەکان رێژەی گەشە 2.5٪ـە. ئەو گەشەیەش یەکسانە لەگەڵ گەشەی دانیشتووان.
ئەو راوێژکارەی کازمی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا روونیشیکردەوە، بەدیهێنانی گەشەی ئابووری پێویستی بە گەشەی دروست هەیە، کە رێژەی بێکاری کەمبکرێتەوە و دەرفەتی کار بڕەخسێندرێت، هەروەها پەرە بە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بدرێت، کە داهات زیاد دەکات، وادەکات کەمتر پشت بە داهاتی نەوتی ببەسترێت
ئاماژەی بەوەشدا، دوو بابەتی زۆر گرنگ هەن، یەکەمیان سیاسەتی نەختینەیی کە پارێزگاری لە سەقامگیری بەهای ئاڵوگۆڕی دراو دەکات. ژینگەیەکی سەقامگیر بۆ ماوەیەکی درێژ دەخوڵقێنێت، دووەمیشیان، پاڵپشتی پڕۆژەکانی وەبەرهێنانە بۆ گەشەپێدان و بەدیهێنانی گەشە، چونکە بێ گەشەکردن دۆخەکە خراپتر دەبێت.