شوان سیروانیشیان به‌ ده‌ردی ژیلوان حه‌مه‌د برد

شوان سیروان یاریزانی كوردی یانه‌ی لاوانی لازیۆی ئیتاڵیا و ژیلوان حه‌مه‌د یاریزانی كورد
شوان سیروان یاریزانی كوردی یانه‌ی لاوانی لازیۆی ئیتاڵیا و ژیلوان حه‌مه‌د یاریزانی كورد

شوان سیروان بۆ ریزی هەڵبژاردەی لاوانی عێراقی بەجێهێشت؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە هەموو میدیای عێراقی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، شوان سیروان یاریزانی لاوی کوردی یانەی لازیۆ دوای بەڕێوەچوونی دوو یاریی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ عیماد محەمەد هەڵبژاردەکەی بەجێهێشت.

شوان سیروان کە کاپتنی یانەی لازیۆیە و لە تیپی خوار ٢٠ ساڵانی یانە ئیتاڵییەکە یاریی دەکات، لە یاریی بەرامبەر دوورگەکانی قەمەر لەلایەن عیماد محەمەدی راهێنەرەوە ئامادەکرا بۆ ئەوەی لە خولەکی ٨٩ بیباتە ناو یاریگا بەڵام دواتر یاریی پێنەکرد و لە یاریی بەرامبەرلوبنانیش تەنیا پێنج خولەک یاریی کرد، ئەمەش بووە هۆی تووڕەبوونی شوان سیروان و خانەوادەکەی و بڕیاریدا کەمپی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق بەجێبهێڵیت و چیدیکە یاریی بۆ هەڵبژاردەکە نەکات.

میدیاکانی عێراق لەبارەی بەجێهێشتنی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق لەلایەن شوان سیروانەوە بەسەر دوو بەرە دابەشبوون، بەشێکیان هێرشیان کردووەتە سەر یاریزانە لاوە کوردەکەی لازیۆ و پێیانوایە ئەو توانانەی نییە لە هەڵبژاردەی عێراق یاریی بکات و بە گومانەوە باسی پرۆفایلی ئەو یاریزانە کوردە دەکەن.

بەشێکیشیان رەخنەی توندیان لە عیماد محەمەد راهێنەری لاوانی عێراق گرتووە و پێیانوایە پێویستە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق سنوورێک بۆ دژایەتیکردنی یاریزانەکانی تاراوگە دابنێت کە زۆربەیان ناتوانن لەگەڵ شێرەکانی رافیدەین بەردەوام بن و دژایەتی دەکرێن، ژیلوان حەمەد ئەستێرەی بەناوبانگی کوردستان یەکێکی دیکە بوو لەو یاریزانانە کە هەرزوو هەڵبژاردەی عێراقی بەجێهێشت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان٢٤ هەر لە سەرەتاوە شوان سیروان نەیدەویست یاریی بۆ هەڵبژاردەی لاوانی عێراق بکات بەڵام دوای فشار و هەوڵێکی زۆر دواجار ئەو یاریزانە کوردە رازی بوو بچێتە میسر و بەشداریی جامی عەرەبی خوار ٢٠ ساڵان بکات.

سەرەڕای ئەوەی شوان سیروان یاریزانی لاوی لازیۆ و رێبەر حوسێن یاریزانی لاوی بۆرووسیا دۆرتمۆند لە هەڵبژاردەکە دوورخراونەتەوە بەڵام هێشتا پێنج یاریزانی کورد لە هەڵبژاردەی لاوانی عێراق یاریی دەکەن کە سێ یاریزانیان سەرەکین و لە دوایین یاریی هەڵبژاردەکە بلند حەسەن یاریزانی دێ گرافشاپی هۆڵەندی و عەبدولقادر ئەیوب یاریزانی هەولێر هەردوو گۆڵەکەی عێراقیان کرد کە هەردووکیان کوردن.