هەولێر نابێتە بەغدا!

Kurd24

یەکێک لە سامانە نیشتمانییەکانی (هەرێمی کوردستان) کە نکۆڵی لێ ناکرێت و سازشی لەسەر ناکرێت، بریتیە لەو پێگە سەقامگیرەی کە لەم (ناوچە پڕ لەکێشەیە)دا هەیەتی، ئەو پێگە ئارامەی کە هەمیشە هەرێمی کوردستانی پێ جیاکراوەتەوە لە عێڕاقێکی ئاڵۆز و ناسەقامگیر، ئەم سامانە نیشتیمانیە هەمیشە جێگای شانازی خەڵکی کوردستان و نێردە دیپلۆماسیەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان بووە، چونکە لەژێر سایەی ئەم پێگە سەقامگیرەدا نەک تەنها خەڵکی کوردستان، بەڵکو سەدان هەزار ئاوارەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و پارچەکانی تری کوردستانیش حەواونەتەوە، بۆیە ئاسایشی هەرێم بەگشتی و ئاسایشی هەولێری پایتەخت بەتایبەتی هێڵی سورن، نابێت بە هیچ شێوەیەک ڕێگا بدرێت بە هیچ گروپ و میلیشیایەک لە (ژێر هەر ناو و ناونیشانێکدا بێت) هەولێر بکەنە گۆڕەپانی ململانێی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی (هاوشێوەی بەغدا).

ئەمە چەند جارێکە هێرشی دڕۆن و موشەکی دەکرێتە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت هێرشی دوێنێ کە بە سێ درۆن ئەنجام دران، لەسەر درۆنەکانیش نوسرا بوو:

(یا صاحب الزمان و یا زهراء)

ئەم دروشمانەش بەڵگەی ڕوون و ئاشکران کەوا هێرشەکەی ئەم جارە ناڕاستەوخۆ لەلایەن پڕۆکزیەکانی ئێرانەوە ئەنجام دراوە، بە گوێرەی هەندێک زانیاری باوەڕپێکراویش (میلیشیاكانی حیزبوڵای عێراق و كەتیبەكانی سەید شوهەدا) ژورێكی ئۆپەراسیۆنیان پێكهێناوە بۆ كردنە ئامانجی دامەزراوەكانی ئەمەریكا لە (هەولێر و كوردستان) و ناوەندی ژووری ئۆپەراسیۆنەكەیان لە سەربازگەی (ئەشرەفی) پێشووی (موجاهیدینی خەڵق) دامەزراندووە، كە ئێستا لەژێر كۆنترۆڵی حیزبوڵای عێڕاقیدایە.

 مەبەستی ئەم جۆرە هێرشانەش گەیاندنی کۆمەڵێک پەیامە، لەوانە:

1- هەوڵدان بۆ گەیاندنی پەیامێک کە (ھەولێر و كوردستان هاوشێوەی بەغدا و عێڕاق ناسەقامگیرن).

2- ناردنی پەیامێک بۆ (ئیدارەی بایدن) کەوا شیعەکان خوێنی (سولەیمانی و موهەندیس)یان لەبیر نەکردووە.

3- تێرکردن و ڕازیگردنی شەقامی شیعە بە مەبەستی (استهلاك المحلي) و ڕیکلامکردن و کۆکردنەوەی دەنگ بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی عێڕاق.

4- تاقیکردنەوەی (ئیدارەی بایدن) تاکو بزانن تا چەند بەرگری لە هەرێم و وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا دەکات.

5- فشارێکە بۆ سەر ئەمەریکا تاکو لە (دانوستانەکانی ڤیەننا) نەرمی بنوێنێت و گەمارووەكانی سەر ئیران ھەڵبگرێت و بگەڕێتەوە ناو ڕێکەوتنی ئەتۆمی (5+1).

6- فشارێکی ئیرانە بۆ سەر هەرێم تاکو لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دوور بکەوێتەوە، بەمەبەستی تێکدانی ئەم باڵانسەی کەوا هەرێم بە شێوەیەکی هاوسەنگ ڕایگرتووە لە نێوان ئەمریکا و ئێران.

7- پەیامێکی ئێرانە بۆ ئەمریكا کە دەتوانن لە ڕێگای پڕۆکزیەکانیانەوە لە هەموو شوێنێکی عێڕاق هێرش بکاتە سەر بەرژەوەندیەکان و هێزەکانی ئەمریکا، بە تایبەت کە ماوەیەکە لە میدیا جیهانیەکان باس لەوە دەكرێت كە باشترین و سەقامگیرترین و ئارامترین ئەلتەرناتیڤی ئەمریکا لە شوێنی (بەغدا) ڕەنگە هەولێر بێت.

دووبارە بوونەوەی هێرشە موشەکیەکان دەبێت ناچارمان بکات تاکو هەڵوەستیەک بکەین بۆ ئەنجامدانی پێنج خاڵی گرنگ:

یەکەم: گرنگە هەرێم بە فەرمی داوا لە ئەمریکا بکات تاکو فشار لە حکومەتی عێڕاق بکات بۆ ئەوەی هێزەکانی حەشد لە سنوری هەرێم دووربخرێنەوە، چونکە لە ساڵی (2017) بە گڵۆپی سەوزی ئەمریکا  هێزەکانی حەشد توانیان بێنە سنوری ناوچە دابڕێنراوەکانی هەرێم.

دووەم: گرنگە هەرێم داوا لە ئەمریکا بکات چۆن لە ڕێگای سیستەمی پاتریۆتەوە بنکە و بارەگاکانیان دەپارێزن ئەوهاش (خاک و خەڵکی) هەرێم لە هێرشی نەیارەکانیان بپارێزن، چونکە سەرەکیترین بەهانەی هێرشکردنی ئەم گروپانە بریتییە لە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێم.

سێیەم: گرنگە هەرێم داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان بکات تاکو فشار لە عێڕاق بکات بۆ جێبەجێکردنی مادەی (140).

چوارەم: لەگەڵ ئەم سێ خاڵەی سەرەوەدا پێویستە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان پەلە بکات لە پڕۆسەی ڕێکخستنەوە و یەک خستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، بەمەبەستی ئامادەباشی وەرگرتن بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەکی سەربازی و ئەمنی بۆ سەر خاک و خەڵکی هەرێمی کوردستان.

پێنجەم: ئەم (هەڕەشە مەترسیدارە) دەبێت ببێتە دەرفەتێک بۆ ڕاچڵەکین و بەخۆداچوونەوە لە پێناو تێپەڕاندنی جیاوازیە سیاسیەکان و لێکنزیکبوونەوەی هەموو لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان، چونکە ئەم هەڕەشەیە تەنها بۆ سەر لایەنێک و شارێک نییە، بەڵکو هەڕەشەیە بۆ سەر تەواوی لایەنەکان و هەموو قەوارەی هەرێمی کوردستان، واتە ئه‌مه‌ هەڕەشەیەکی جدیە بۆ سەر کەشتی هەرێمی کوردستان، بە نغرۆبوونی ئەم کەشتیەش (خوانەخواستە) هەموومان دەخنکێین!

 

٭ کــــارۆخ خـــۆشناو

(سەرۆکی ئەنیستیتۆی توێژینەوەی ئەمریکی-کوردی)