پارتی: به‌غدا به‌رپرسیاره‌

راگەیەندراوێك لە مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە
ئاڵای پارتی دیموکراتی کوردستان - ئاڵای کوردستان
ئاڵای پارتی دیموکراتی کوردستان - ئاڵای کوردستان

K24 – هەولێر

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی دوێنێ سەر هەولێر بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوی مەکتەبی سیاسی پارتی هاتووە: "ئەم كارە تیرۆریستییانەی ئەو گرووپە تێكدەر و لەیاسادەرچوانە بەتوندی سەرزەنشت و سەركۆنە دەكەین و پێمان وایە پێویستە بۆ لەمەودوا هەموو لایەك و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان و حكومەتی فیدراڵی بەجددی كاربكەن بۆ بەدواداچوون و لێپێچینەوە و رێگرتن لەو جۆرە كار و پەلامارە تیرۆریستییانە، كە مەبەست لێیان نانەوەی پشێوی و تێكدانی سەقامگیریی و ئەمنیەتی هەرێمی كوردستانە".

مەکتەبی سیاسی پارتی لەو راگەیەندراوە، راشیگەیاندووە: "ئەو كاروكردەوە نایاسایی و تێکدەرانە بۆ چەندین جارە دووبارە دەبنەوە، بەرپرسیاریەتی لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵییە رێگری لەو گرووپ و ھێزانە بکات کە مەرامیان تێکدانی سەقامگیری کوردستان بەتایبەتی و عێراقە بەگشتی".

دەقی راگەیەندراوەکە

بەرەبەیانی دوێنێ(26ی حوزەیران)لە رێگەی سێ درۆن(فڕۆكەی بێ فرۆكەوان)ەوە هێرش كرایە سەر شاری هەولێری پایەتەخت، كە بووە هۆی زیان گەیاندن بە ماڵوموڵكی هاوڵاتیان لە گوندی پراغ نزیك كۆمەڵگەی مەلا ئۆمەر.

 ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان ئەم كارە تیرۆریستییانەی ئەو گرووپە تێكدەر و لەیاسادەرچوانە بەتوندی سەرزەنشت و سەركۆنە دەكەین و پێمان وایە پێویستە بۆ لەمەودوا هەموو لایەك و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان و حكومەتی فیدراڵی بەجددی كاربكەن بۆ بەدواداچوون و لێپێچینەوە و رێگرتن لەو جۆرە كار و پەلامارە تیرۆریستییانە، كە مەبەست لێیان نانەوەی بشێوی و تێكدانی سەقامگیریی و ئەمنیەتی هەرێمی كوردستانە، بەداخەوە ئەو كاروكردەوە نایاسایی و تێکدەرانە بۆ چەندین جارە دووبارە دەبنەوە، بەرپرسیاریەتی لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵییە رێگری لەو گروپ و ھێزانە بکات کە مەرامیان تێکدانی سەقامگیری کوردستان بەتایبەتی و عێڕاقە بەگشتی.

مەكتەبی سیاسی

 پارتی دیموكراتی كوردستان

27ـی حوزەیرانی 2021