هه‌ولێر: پێداچوونه‌وه‌ به‌ بڕیاره‌كه‌ى دادگاى فیدراڵى ده‌كه‌ینه‌وە

هه‌رێمى كوردستان: داوایه‌كمان ئاڕاسته‌ى دادگاى فیدراڵى عێراق كرد، تایبه‌ت به‌ دامه‌زراندنى دادگای تاوانه‌كانى داعش
وەزارەتی داد
وەزارەتی داد

K24  - هه‌ولێر:

وه‌زیرى دادى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، رایگه‌یاند، پێداچوونه‌وه‌ به‌ بڕیاره‌كه‌ى دادگاى فیدراڵى عێراق ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ ره‌تى داوایه‌كى وه‌زاره‌تى دادى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى، تایبه‌ت به‌ دامه‌زراندنى دادگایه‌كى تایبه‌ت به‌تاوانه‌كانى داعش كردووه‌.

فرسه‌ت ئه‌حمه‌د، وه‌زیری دادى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان رایگه‌یاند، داوایه‌كمان ئاڕاسته‌ى دادگاى فیدراڵى عێراق كرد، تایبه‌ت به‌ دامه‌زراندنى دادگای تاوانه‌كانى داعش، له‌ هه‌رێمى كوردستان، ئه‌و داوایه‌ش له‌لایه‌ن دادگاى فیدراڵه‌وه‌ ره‌تكرایەوە، مه‌به‌ست لە دامەزراندنی، دادگایی كردنى ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ تاوانى ئه‌كشه‌نجه‌دان و کوشتنیان له‌ ریزى چه‌كدارانى داعش ئەنجامداوە.

وه‌زیری داد، راشیگه‌یاند، دوو ساڵه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ڵگه‌نامه‌ى پێویستی له‌سه‌ر تاوانه‌كانى رێكخراوى داعش كۆکردەوە، كاری جددیشى له‌سه‌ر كردووە.

فرسه‌ت ئه‌حمه‌د روونیشیكرده‌وه‌، پێداچوونه‌وه‌ به‌ بڕیاره‌كه‌ى دادگاى فیدراڵى عێراق ده‌كه‌ین، به‌ڵام تانه‌ له‌ بڕیارى دادگاى فیدراڵى نادرێت، هێشتاش ده‌رفه‌تى قسه‌كردن ماوه‌، دروستكردنى ئه‌و دادگایه‌ش شتێكى تایبه‌تى نیه‌، به‌ڵكو هه‌نگاوێكى تایبه‌تمه‌نده‌.

پێشتر كه‌ریم ئه‌سه‌د ئه‌حمه‌د خان، سه‌رۆكى تیمى یوونایتد و داواكارى گشتى نێوده‌وڵه‌تى، تایبه‌ت به‌ تاوانه‌كانى داعش، پێشوازى له‌م هه‌نگاوەى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كردووە، له‌مباره‌وه‌ش مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان سوپاسی ناوبراوى كردوو، كه‌ پشتگیریان له‌و داوایه‌ى هه‌رێمى كوردستان كردووه‌، تایبەت بە دامەزراندنی دادگایەک بۆ تاوانبارانی داعش.

ک.ب