زڵاتكۆ دالیچ باسی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ئیسپانیا ده‌كات

زڵاتكۆ دالیچ راهێنه‌ری كرواتیا
زڵاتكۆ دالیچ راهێنه‌ری كرواتیا

ئیسپانیا له‌ یاریگای پاركین له‌ دانیمارك و له‌ قۆناخی شازده‌ی یۆرۆی 2020 رووبه‌رووی هه‌ڵبژارده‌ی كرواتیا ده‌بێته‌وه‌، راهێنه‌ری هه‌ردوولاش بۆچوونی خۆیان ده‌رده‌بڕن و ئێنریكی پلانی راگرتنی مۆدریچی داناوه‌، زڵاتكۆ دالیچ پێیوایه‌ هه‌رگیز ئیسپانیا له‌ ئه‌وان باشتر نییه‌.

ئیسپانیا له‌ قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كان ئاستی باش نه‌بوو له‌ دوو یاریی له‌سه‌ر یه‌ك به‌رامبه‌ربوو، پاشان له‌ كۆتا یاریی توانی به‌ پێنج گۆڵی بێبه‌رامبه‌ر له‌ سلۆڤاكیا بباته‌وه‌ و به‌ پله‌ی دووه‌می كۆمه‌ڵه‌ی پێنجه‌م گه‌یشته‌ قۆناخی شازده‌، كڕواتیاش له‌ قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كان هاوشێوه‌ی ئیسپانیا له‌ دوو یاریی سه‌ره‌تا باش نه‌بوون ته‌نیا یه‌ك خاڵیان به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ر سكۆتله‌ندا و له‌ كۆتا یاریی قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كان توانی به‌ سێ گۆڵ به‌رامبه‌ر گۆڵێك بردنه‌وه‌ به‌ده‌ست بهێنێت و به‌ چوار خاڵ بلیتی قۆناخی شازده‌ی بڕی.

له‌م یارییه‌ ئیسپانیا هیچ پێكان و راگیراوێكی نییه‌ به‌ڵام له‌ كرواتیا كه‌موكوڕی هه‌یه‌ ئیڤان پیریسیچ تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووه‌ و له‌ كه‌رنتیندایه‌ بۆرنا پاریسیچیش پێكانی هه‌یه‌ و گومان له‌ به‌شداریكردنی ده‌كرێت

زلاتكۆ دالیچ: هه‌رگیز ئیسپانیا له‌ ئێمه‌ باشتر نییه‌

زڵاتكۆ دالیچ راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی كرواتیا له‌ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی پێش رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی ئیسپانیا به‌مشێوه‌یه‌ بۆچوونی خۆی له‌ باره‌ی یارییه‌كه‌ ده‌ربڕی:

پلانم نییه‌ یاریزانی باڵه‌كان زیاد بكه‌م له‌ شێوازی یاریكردنی خۆمان به‌رده‌وام ده‌بین، هه‌رچه‌نده‌ به‌رامبه‌ر ئیسپانیا ئه‌ركمان قورسه‌ و پلانه‌كانی ئه‌وان زۆر هێرشبه‌رییه،‌ هه‌ر بۆیه‌ ئێمه‌ به‌ درێژایی یارییه‌كه‌ به‌رگری له‌ گۆڵێك ده‌كه‌ین كه‌ هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ین، ئیسپانیا هه‌ڵبژارده‌یه‌كی زۆر به‌هێزه‌ و رێزی لێده‌گرین، به‌ڵام هیچ كه‌س بۆیه‌ نییه‌ بڵێت ئیسپانیا له‌ ئێمه‌ باشترن و هه‌لی گه‌یشتنیان به‌ قۆناخی داهاتوو زیاتره‌. هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ په‌نجا به‌ په‌نجا هه‌لیان هه‌یه، ئیسپانیا له‌ سه‌ره‌تا خراپ بوون دوو یاریی له‌ گۆڵكردن باش نه‌بوون، پاشان له‌ یاریی سێیه‌م ته‌قینه‌وه‌ ناشزانم چی به‌رامبه‌ر ئێمه‌ رووده‌دات؟.

لویز ئێنریكی راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا
لویز ئێنریكی راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا

ئێنریكی پلانی بۆ راگرتنی مۆدریچ داناوه‌

لویس ئینریكێ راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا به‌مشێوه‌یه‌ باسی رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی كرواتیای كرد:

پێدری دۆخی زۆر باشه‌ و بۆ ئه‌م یارییه‌ش ئاماده‌یه‌، ئه‌مڕۆ بینیم له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كانی یاریی تۆپی سه‌رمێزیان ده‌كرد به‌مه‌ش زانیم باش ئاماده‌یه‌، پێموایه‌ له‌م یارییه‌ جه‌نگه‌ گه‌وره‌كه‌ له‌ هێڵی ناوه‌ڕاست ده‌بێت كڕواتیا باشترین هێڵی ناوه‌ندی هه‌یه‌ هه‌ر بۆیه‌ چاوه‌ڕێی جه‌نگ ده‌كه‌م، به‌رامبه‌ر سلۆڤاكیا هیچ شتێكم نه‌گۆڕی راسته‌ پێنج گۆڵمان كرد، به‌ڵام پلانه‌كان، هه‌مان پلانی یاریی سوێد و پۆڵه‌ندا بوو، ئه‌وكات لێدانی سزامان له‌ده‌ست دا و له‌ رووی متمانه‌وه‌ لاواز بووین، كڕواتیا له‌و هه‌ڵبژاردانه‌یه‌ گۆڵێك بكات ده‌كشێته‌وه‌، به‌ڵام گۆڵێكی لێبكرێت فشار ده‌كات، باش ده‌زانم چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره‌ یارییه‌دا ده‌كه‌م،

پلانمان ئه‌وه‌یه‌ نه‌هێڵین تۆپ لای مۆدریچ و كۆڤاسیچ بێت، ئه‌وان دوو یاریزانی زۆر كوالێتی به‌رزن كه‌ توانایان هه‌یه‌ گۆڵ بكه‌ن و گۆڵ دروست بكه‌ن.

ئیسپانیا و كڕواتیا پێشتر هه‌شت یارییان به‌رامبه‌ر یه‌كتری كردووه‌ لارۆخا خاوه‌نی چوار بردنه‌وه‌یه‌ و كڕواتیاش سێ سه‌ركه‌وتنی هه‌یه‌ و له‌ یارییه‌كیش به‌رامبه‌ربوون دواین جاریش له‌ ساڵی 2018 و له‌ خولی نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌وروپا رووبه‌رووی یه‌كتر بوونه‌وه‌ كڕواتیا به‌ سێ گۆڵ به‌رامبه‌ر دوو گۆڵ سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا