ئاماری کۆرۆنا هەڵکشا: لە پارێزگایەکی عێراق قەدەغەی هاتووچۆ راگەیەندرا

دەوامی فەرمانگە حکومییەکان راگیرا
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 – هەولێر

بەگوێرەی ئامارەکان، تووشبوون بە کۆرۆنا لە عێراق زیادیکردووە و لە پارێزگایەکی عێراقیش قەدەغەی هاتووچۆ راگەیەندرا.

بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای زیقار، قەدەغەی هاتووچۆ راگەیەندرا و دەوامی فەرمانگەکانیش راگیرا.

شانەی قەیرانەکان لە پارێزگای زیقار بڕیاریدا لە مڕۆ دووشەممەوە، بۆ ماوەی یەک هەفتە قەدەغەی هاتووچۆ کاری پێبکرێت و دەوامی سەرجەم فەرمانگەکانی حکومەتیش رابگرێت، تەنیا هەردوو کەرتی تەندروستی و خزمەتگوزاری نەبێت.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی عێراق، دوێنێ چوار هەزار و 468 کەسی دیکە لە عێراق تووشی کۆرۆنا بوون و 30 کەسی دیکەش بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە.

ئەمە لە کاتێکدایە چەند رۆژێک لەمەوبەر رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند: لە 85 وڵات ڤایرۆسی گۆڕاوی جۆری ده‌لتا بڵاوبووەتەوە و هۆکارەکەشی ناداپەروەرییە لە دابەشکردنی ڤاکسینی كۆرۆنا.

تێدرۆس ئەدهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهان (WHO) گوتی: ئەو وڵاتانەی ڤاکسینیان پێگەیشتووە و بەکاریان هێناوە، ئێستا خەریکه‌ دۆخیان ئاسایی دەبێتەوە، لە بەرامبەریشدا هەندێك وڵات بەهۆی نەبوونی ڤاکسینی پێویست، کەوتوونەتە دۆخێکی سەختی تەندروستیەوە.

ئاشكرایكرد، "ده‌لتا لە زنجیره‌ گۆڕاوەکانی دیکەی ڤایرۆسی كۆرۆنا خێراتر بڵاودەبێتەوە. ڤایرۆسی گۆڕاوی ده‌لتا لە 85 وڵات هەیە و لەو وڵاتانەی هەڵمەتی ڤاکسین تێیاندا سستە زۆر بەخێرایی بڵاودەبێتەوە".