به‌ فه‌رمی واده‌ی ده‌ستپێكردنی لالیگا دیاریكرا

یه‌كێك له‌ رووبه‌ڕبووبوونه‌وه‌كانی كلاسیكۆی ئیسپانیا
یه‌كێك له‌ رووبه‌ڕبووبوونه‌وه‌كانی كلاسیكۆی ئیسپانیا

فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا بە فەرمی وادەی دەستپێکردنی وەرزی نوێی لالیگا و جامی شا و جامی سوپەری دیاریی کرد و رۆژی چوارشەممەی داهاتووش تیروپشکی وەرزی نوێی لالیگا رادەکێشرێت.

فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا بە فەرمی وادەی بەڕێوەچوونی خوله‌كانی ئیسپانیای بۆ وەرزی 2021-2022ی دیاریی کرد، له‌ سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ وادەی دەستپێکردنی لالیگا و جامی شا و جامی سوپەری ئیسپانیا.

بەپێی بەیاننامەکەی تۆپی پێی ئیسپانیا وەرزی نوێی لالیگا لە رۆژی 15ی مانگی هەشت دەستپێدەکات و گەڕی کۆتایی خولەکەش لە رۆژی 22ی مانگی پێنجی ساڵی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، بڕیاریشە تیروپشکی وەرزی نوێی لالیگاش رۆژی چوارشەممەی داهاتوو رابکێشرێت، هەرچەندە لە ساڵانی رابردوو تیروپشکەکە لە ناوەراستی مانگی حەوت رادەکێشرا.

ریال مەدرید داوای کردووە سێ یاریی یەکەمی لە وەرزی نوێ لە دەرەوەی یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بکات چونکە هێشتا کاری نوێکردنەوەی یاریگاکە ماوە و بڕیارە لە ١١ی مانگی نۆ بە فەرمی یاریگاکە بکرێتەوە پێش ئەوەی رکابەرییەکانی قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ دەستپێبکات.

وەرزی نوێی لالیگا لە ٢٢ی مانگی پێنجی ساڵی داهاتوو کۆتایی دێت، هاوکات فێدراسیۆنی ئیسپانیا وادەی یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیای دیاریی کردووە و ئەم یارییە لە رۆژی ٢٣ی مانگی چواری ساڵی داهاتوو لە یاریگای لاکارتۆخای سێڤییا لە هەرێم ئەندەلوس دەکرێت.

جگە لە لالیگا و كۆپا دێل رێی، فێدراسیۆنەکە وادەی قۆناغی پێشکۆتایی جامی سوپەری دیاریی کردووە و یارییەکان لە ١٢ـی مانگی یەک دەکرێن و یاریی کۆتاییش لە ١٦ـی هەمان مانگ بەڕێوەدەچێت کە بڕیارە سەرجەم یارییەکانی جامی سووپەر لە سعوودیە بکرێن، کە ئاتڵێتیکۆ مەدرید لە وەرزی رابردوو ناسناوەکەی بردەوە.