خالید شوانی: حکومەتێکمان وەرگرتووە 28 ملیار دۆلار قەرزدار بووە

K24 – هەولێر
خالید شوانی، وەزیری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری بەغدا لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، وەک کابینەی نۆیەم، حکومەتێکیان وەرگرتووە کە 28 ملیار دۆلار قەرزدار بووە راشیگەیاند "لە ئەنجومەنی وەزیران شەڕ دەکەین بۆ باشکردنی گرێبەستە نەوتییەکان".
خالید شوانی، گوتی: "رەخنەی زۆرمان رووبەڕوو کرایەوە، هەندێکیشیان بریندار کردن بوون، لە ئاستی پەرلەمانیی و پیشەیی دەرچوو گەیشتە رادەیەک کە هێرشی شەخسیمان بکرێتە سەر، وەک ئەوەی ئێمە ئەم تیمەی حکومەت گرێبەستە نەوتییەکانمان واژۆ کردووە و کۆمپانیا بیانییەکانمان هێناوەتە ئێرە و هەموو بابەتی کارەساتباری نەوت ئێمە کردومانە، لە راستیدا ئەوە ئێمە نین، بەڵکو حکومەتێکمان وەرگرتووە 28 ملیار دۆلار قەرزدارە بووە، هەموومان بەڵێنمانداوە چاکی بکەین. دەچینە بەغدا دانوستان دەکەین و بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین، دەبێ ئێوەش لێرە پاڵپشتیمان بکەن، بۆ ئەوەی بەهێزبین، بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی خەڵکی کوردستان، ئەگەر ئێمە لە کابینەی نۆیەم بەرپرسیاربین لەو کارەساتە داراییەی بەسەر هەرێمی کوردستان هاتووە، ئامادەین بەرپرسیاریەتی بکەین و یەک رۆژ لەو پۆستانە بەردەوام نابین، گرێبەستە نەوتییەکان ئێمە نەمان کردووە، ئێمە نەمان گوتووە 58٪ داهاتی نەوت بدرێتە کۆمپانیاکان و 42٪ی بۆ خەڵکی کوردستان بێت، لە هەموو وڵاتانی دەوروبەر 20٪ بۆ کۆمپانیا و بابەتەکانی دیکەیە، وەک پەرلەمانتاران فەرموون ئەو مەلەفە بکەنەوە، ئەگەر منم پێش هەمووان ئیجرائات لەگەڵ من بکەن، بەڵام ئێمە هاتووین لێرە قسە لەسەر چارەسەر بکەین و ئێوە پێتان وایە ئێمە تۆمەتبارین، نەخێر من تۆمەتبارنیم، بە بۆچوونی هەموو تیمی حکومەت بە سەرۆک وەزیرانیشەوە پێمان وایە مەلەفی نەوت خراپە و دەبێ چاکبکرێت".
گوتیشی: "ئێمە لە ئەنجومەنی وەزیران شەڕ دەکەین بۆ باشکردنی گرێبەستە نەوتییەکان، چونکە تا ئەو بابەتە چاک نەکرێت دۆخەکە هەر وەک ئێستا بەردەوام دەبێت، بایی 800 ملیۆن دۆلار فرۆشراوە 480 ملیۆن دۆلار بۆ کۆمپانیاکان بووە، 320 ملیۆن هاتووەتە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان".
خالید شوانی، راشیگەیاند: "دەبێ پرسیاری ئەوە بکەین دۆخی هەرێمی کوردستان بۆ بە ئێستا گەیشت؟ لێکۆڵینەوە بکرێت و چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە، بابەتێکی دیکە رێکخستنەوەی خاڵە سنوورییەکانە، بۆ ئەوەی داهاتی کوردستان بۆ خەڵکەکەی بێت و لە رێگەی حکومەتی هەرێمەوە دابەش بکرێت، نابێ هیچ بابەتێک بەوەی تر داببۆشرێت، بەڵکو دەبێ هەموو چارەسەر بکرێت، ئێمە بەو ئاراستەیە هەنگاو دەنێین و دەمانەوێت چاکسازی بکەین".