تەرمی کەسێک لە ئاکرێ دۆزرایەوە
K24 - ئاکرێ
ئەمڕۆ 29/6/2021، تەرمی پیاوێكی تەمەن 36 ساڵ بەناوی (ب، ع ) لەلایەن پۆلیسەوە لە ئاكرێ دۆزرایەوە.
پەیامنێری کوردستان24 لە ئاکرێ رایگەیاند: "ئەو شوێنەی كە تەرمی ئەو كەسەی لێ دۆزراوەتەوە دەكەوێتە رۆژھەڵاتی سەنتەری قەزای ئاكرێ لە نزیك گوندی نێرگزین".
پۆلیسی ئاکرێ دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە و تەرمەکە رەوانەی پزیشکی دادی ئاکرێ کراوە.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێرمان، شوێنەواری گولـلەی دەمانچە بەسەر جەستەیەوە دیارە.
بە گوتەی كەسوكارەکەی، ئەو کەسە لە دوێنی كاتژمێر ھەشتی شەوەوە لە ماڵ چووەتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە، تەلەفونەكەیشی داخراوبووە، ئەوان دەڵێن "كورەكەمان ھیچ كێشەیەكی لەگەڵ كەس نەبووە" و تا ئێستا هۆکاری کوژرانی کوڕەکەیان نازانن.
ئەو كەسەی كوژراوە خێزاندارە و باوكی چوار منداڵە، لەنێو ھێزەكانی پاسەوانی سنوور سەربازە، چەند رۆژێک پێش ئێستا بۆ پشوو گەڕابووەوە ماڵەکەی لە ئاکرێ.