ئه‌نقه‌ره: له گاره حه‌وت چه‌كداری په‌كه‌كه كوژران
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی به‌رگری توركیا ده‌ڵێت: له "باكووری عێراق" حه‌وت چه‌كداری پارتی كرێكارانی كوردستانیان له ئاكامی بۆردومانێكی ئاسمانی كوشتووه.
وه‌زاره‌ته‌كه راگه‌یه‌ندراوێكی له‌و باره‌یه‌وه بڵاوكردووه‌ته‌وه و تێیدا هاتووه: له ئه‌نجامی هه‌ماهه‌نگی نێوان سوپا و هه‌واڵگری توركیا، توانراوه ئامانجه‌كه ده‌ستنیشان بكرێت و له رێی فڕۆكه‌وه بۆمباران بكرێت.
روونیشیكردووه‌ته‌وه، ئه‌و بۆمبابارانه‌ی فڕۆكه‌كانی توركیا له سنووری چیای گاره بووه، كه ئێستا سوپای توركیا ئۆپراسیۆنێكی سه‌ربازی له‌و ناوچه‌یه به‌ڕێوه ده‌بات.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ فڕۆكه‌كانی توركیا له ئاسمانی چیای شنگال سووڕانه‌وه و بۆمبابارانی كاروانێكی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌یان له چیاكه كرد و تا ئێستا ورده‌كاری ئه‌و هێرشه ئاسمانییه نه‌زانراوه.