رووسيا ده‌يه‌وێت به‌سته‌ڵه‌كى نێوان سعووديه‌ و ئێران بتوێنێته‌وه‌

ئێران پشتگیری ئەو ھەوڵەی وەزیری دەرەوەی رووسیا دەكات، بەڵام سعودیە مەرجی ھەیە
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/d0f959ca-fe8d-4c45-8896-a85cbe608e1a/iran%20u%20saudia.ism/manifest

K24 – هه‌ولێر:

رووسیا دەیەوێت یارمەتی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان سعودیە و ئێران بدات،  ئێران پشتگیری ئەو ھەوڵەی وەزیری دەرەوەی رووسیا دەكات، بەڵام سعودیە مەرجی ھەیە، دەڵێ نابێ ئیتر ئێران دەستێوەربداتە ناو كاروباری وڵاتانی ناوچەكە.

تاكوو ئێستا دیارنییە، خوازیارانی ئێرانی دەتوانن زیارەتی حەجی ئەمساڵ بكەن، یان نا. سعودیه‌ دەڵێت بەمەرجی ڤیزەی ئەلیكترۆنی ئێرانییەكان دەتوانن حەج بكەن، بەرپرسانی ئێرانیش دەڵێن جیاوازی لەھەڵسوكەت لەگەڵ زیارەتكارانیان قبووڵ ناكەن، ئوسوڵگەراكان تووندتریش دەڕۆن، دەڵێن ئەو زیارەتەی لە سعودیه‌ بێت، نەكردنەكەی لە كردنەكەی باشترە.

ئێستا رووسیا دەیەوێت بەستەڵەكی نێوان ئێران و وڵاتانی عەرەبی كەنداوو لەسەرووی ھەموویان ئێران و سعودیه‌ بتوێنێتەوە. سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا بە ھەواڵدەری رۆیتەرزی وتووە كە لەگەڵ ھەموو وڵاتانی كەنداو و ئێران نێوانیان خۆشە، ھەوڵ بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان دەدات، وەزارەتی دەرەوەی ئێران پشتگیری كردووە، سعودیه‌ش مەرجەكەی جارانی دووپات دەكاتەوە.

ئێران و سعودیه‌ یەكتر بە دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچە تۆمەتبار دەكەن، لە یەمەن و سوریا لە دوو بەرەی دژی یەكتردان، ئەو ناكۆكییە بە رووداوی مونای ساڵی رابردوو، كە زیاتر لە 600 زیارەتكاری ئێرانی گیانیان لەدەستدا. لەسێدارەدانی شێخ نەمر كەسایەتی شیعەی سعوودیه‌ گەرمتر بوون، بە پەلاماردانی باڵوێزخانەی سعودیه‌ لە تاران تەقییەوە، پەیوەندییەكان بەتەواوەتی پچڕان. ئێستاش دیارنییە، ئەو بەستەڵەكە رەقەی نێوان سعودیه‌ و ئێران بە ھەوڵی رووسیایەك كە خۆی بەلایەكدا شكاوەتەوە، دەتوێتەوە، یان نا؟