راپۆرتی تایبەت بە دەستدرێژییەکانی تورکیا و پەکەکە دەدرێته‌ سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق

 ناسر هەرکی: داوامان کردووە بە رێگای دیپلۆماسی دەستدرێژیەکانی تورکیا سنوردابکرێن
ناسر هەرکی
ناسر هەرکی

K24- هه‌ولێر:

ناسر هەرکی، بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: داوامانکردووە قەرەبووی زیانلێکەوتووانی شەڕی پەکەکە و تورکیا بکرێتەوە، لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق راپۆرتی تایبەت بە دەستدرێژییەکانی تورکیا و پەکەکە بۆ سەر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان، دەدەنە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق.

ناسر هەرکی، بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند، راپۆرتی خۆمان تایبەت بە دەستدرێژییەکانی سوپای تورکیا و پەکەکە ئامادەکردووە و داومانەتە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق و لە کاتێکی نزیکیش پێشكه‌ش به‌ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ده‌كه‌ین.

بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری گوتیشی: لە راپۆرتەکە داوامانکردووە، حکومەتی عێراق بە رێگای دیپلۆماسی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش داوای سنوردارکردنی دەستدرێژییەکانی سوپای تورکیا بکات و لە ناوخۆش حکومەت رێكکاری پێویست بۆ دەرکردنی چەکدارانی پەکەکە له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بکات و ژورێکی ئۆپراسیۆنی هاوبەشیش لە نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان پێكبهێنرێت.

بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ئاشکراشیکرد، لە راپۆرتەکە داواکراوە پاسەوانی سنوور زیاد بکرێت و ئەوانەی بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکەوە شەهید بوونە، وەك شەهیدی تیرۆر بناسیندرێن و قەرەبووی زیانلێکەوتوانیش بکرێتەوە.

ك.ب