گۆڕان و یەکێتی هێرشەکانی سەر هەولێر سەرکۆنە دەکەن
K24- ههولێر:
ھەریەکە لە بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئیدانەی ئەو ھێرشانە دەکەن، کە بە درۆن کرانە سەر ھەولێری پایتەخت، گوتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان رایگهیاند، بە ھەموو توانایەکمانەوە ھەوڵ دەدەین بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی ھەرێمی کوردستان و ھەولێری پایتەخت.
بەرەبەیانی رۆژی 26ی حوزەیران، 3 (درۆن) فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە رێگەی خۆپێداکێشان خۆیان بە خانووی ھاووڵاتییهك لە باخچەکانی سەڕێی سێولە لە گوندی براغی نزیک کۆمەڵگای مەلا ئۆمەر لە ھەولێری پایتەخت دەدەن، کە دوان لە و درۆنانە دەتەقنەوە و یەکێکیان ناتەقێتەوە، ھاوکات لەسەر درۆنەکان چەندین دروشمی جیاواز نوسرابوو، بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت بە ھەموو توانایەکیانەوە ھەوڵ بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی ھەرێمی کوردستان و ھەولێری پایتەخت دەدەن، دلێر عەبدولخالق، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژهی بهوه كرد، پەیامی سیاسی پشت ئەم کارانە زیانگەیاندنە بە دەستکەوتەکانی ھەرێمی کوردستان.
بە بۆچوونی ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی ھێرشی ئەو درۆنانە پەیامێکە بۆ ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بە حکومەتی ھەرێم بڵێن کە لە سیاسەتاکانتان رازی نین، پەیامێکیشە بۆ ئەمهریکییەکان کە پێیان بڵێن لە ھەرێمی کوردستانیش دەتوانین لێتان بدەین.
لە پەیامێکیشدا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند سوپاسی ھەموو ئەو لایەنانە دەکات، کە سەرکۆنەی ھێرشە ترسنۆکەکەی سەر ھەولێریان کرد، بەڵام سەرکۆنەکردن بەس نییە و پێویستە وەڵامی ئەم کارە تێکدەرانە بدرێتەوە.
د.ی