داعش هێرش و پهلامارهكانی له سنووری داقووق چڕ كردووهتهوه

K24- داقووق:
لە سنووری شارۆچکەی داقووق چەکدارانی داعش هێرشەکانیان بۆسەر هێزە ئەمنییەکان و گوندنشینان چڕکردووهتەوە و بەزۆریش باج و سهرانه لە خەڵکی سنوورەکە وەردەگرن، به شێوهیهك، كه تهنها لەماوەی 20 رۆژی مانگی حوزەیران چەکدارانی داعش شەش هێرشیان ئەنجامداوە و لەئەنجامدا 7 پۆلیسی فیدراڵ کوژراون و سێ پۆلیس و دوو هاووڵاتیش برینداربوونە.
بهگوێرهی ئاماری بهشی راگهیاندنی ئاسایشی كهركووك، كه زانیارییهكانی به كوردستان24 داوه، زۆربهی هێرشەکان لە رێگەی مووشەك، بۆمبی چێندراو، چەکی قەناس و بیکەیسی و کلانشیکۆفەوە ئەنجامدراون، دواترینیان هێرشەکەی شەوی رابردوو بوو، کە کرایە سەر گوندی حەسەن شەلال و رووبەڕووبوونەوەی قورس روویدا و دوو هاوڵاتیش برینداربوون.
هێزە ئەمنییەکانی سنووری داقووق هەوڵی زۆریان داوە بۆ سنووردارکردنی چالاکییەکانی داعش لهو ناوچهیه، بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام گەڕان و پشکنین ئەنجامدەدەن، بەڵام هێرش و پەلامارەکان بەردەوامن و لویس فەندی، قایمقامی داقووق بەوەکالەت دان بە مەترسی دۆخی سنوورەکە دادەنێ و زانیاری نەگوتراوی ئاشکرا كرد و گوتی: باشوور و خۆرئاوای داقوق شانەکانی داعش چالاکن، ئەو هێزانەی لە سنوورەکەن، بەش ناکات و بۆشایی ئەمنی زۆر دروستبووە، بۆیە داعش دزە دەکات و هێرش دەکاتە سەر هێزە ئەمنییەکان و ئەو گوندانەی کە هێزی ئەمنییان لێ نییە، داعش ئێستا لە سنوورەکە بە زۆر پارە لەخەڵك وەردەگرن و داوای زەکاتیان لێدەکەن.
فشار و مەترسییەکانی داعش لە سنوورەکە گوندنشینانی کورد بەتایبەت کاکەییەکانی ناچار بە کۆچکردن كردووە و بەو هۆیەشەوە تا ئێستا 10 گوندی کاکەیی چۆڵ كراون.
H.B