هاوپه‌یمانی دژی داعش: هێرشی مووشەکی و درۆنەكان هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی عێراق

"هەر هێرشێك بۆسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێشێلی یاسا و سەروەری و دامەزراوەکانی عێراقە"
وه‌ین مه‌رۆتۆ، گوته‌بێژی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ داعش
وه‌ین مه‌رۆتۆ، گوته‌بێژی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ داعش

K24- هه‌ولێر:

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگەیاند: پابەندین بە کارکردن و هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی هێرشە مووشەکییەکان و درۆنەکان.

وەین مەرۆتۆ، گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگەیاند: هێرشە مووشەکییەکان و درۆنەکان، ئاسایش و سەروەری عێراقیان پێشێلکردووە و جه‌ختیشی كرده‌وه‌، پابەندین بە کارکردن و هەماهەنگیکردن لەگەڵ هاوبەشەکانمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانە.

گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش گوتی: هێرشە مووشەکی و درۆنە بۆمبرێژکراوەکان هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی خەڵکی عێراق.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، سەرکردەکانی عێراق پابەندبوونی خۆیان دووپاتکردووەتەوە بۆ پاراستنی ئەو بنکە سەربازیانەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیان تێدا جێگرکراون.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش جه‌ختی كرده‌وه‌: هەر هێرشێك بۆسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێشێلی یاسا و سەروەری و دامەزراوەکانی عێراقە.

ئەم پەیامەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هاوکاتە لەگەڵ شکست پێهێنانی هێرشێکی مووشەکی بۆسەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، کە هێزەکانی ئەمه‌ریکا و هاوپەیمانانی تێدا جێگیر کراون.

H.B