ئەو کەسەی لە مەلا ئۆمەر ھاوسەرەکەی خۆی بە چەقۆ کوشت، دەستگیرکرا

"5 كاتژمێر دوای تاوانه‌كه‌ له‌ خاڵی پشكنینی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان قۆڵبه‌ست كرا"
پۆلیس ئه‌و بكوژه‌ی ده‌ستگیركرد، كه‌ ھاوسەرەکەی خۆی بە چەقۆ کوشت
پۆلیس ئه‌و بكوژه‌ی ده‌ستگیركرد، كه‌ ھاوسەرەکەی خۆی بە چەقۆ کوشت

K24 – هه‌ولێر:

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگه‌یاند، دوای ئەوەی ئەمڕۆ هەینی كاتژمێر 7:28 به‌یانی بەشی پۆلیسی دەشتی هەولێر، بنكەی پۆلیسی (شاوێس) ئاگادار كرایه‌وه‌، لە رووداوی كوشتنی ئافرەتێك بە چەقۆ لەلایەن هاوسەرەكەیەوە، لە كۆمەڵگای (مەلائۆمەر) لەسەر كێشەیەكی خێزانی بە ناوی (عائیشە مەحمود محەمەد)، كه‌ خاوەنی 5 منداڵه‌ و تەمەن 42 ساڵه‌، دەستبەجێ دەست بە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی چڕ كرا.

پۆلیسی هه‌ولێر ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، تۆمەتبار لە شوێنی رووداوه‌كه‌ هەڵاتبوو، بۆیە بە زوویی پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ رێكخرا و دەمودەست فەرمانی دەستگیركردنی بكوژەكە بەپێی ماددە (406) لە یاسای سزادان بەسەر هەموو بازگە و خاڵەكانی پشكنین و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و بەشەكاندا گشتێنرا.

پۆلیسی هه‌ولێر ئاشكرای كرد، توانرا هەر ئەمڕۆ 2ی ته‌ممووز/ یۆلیۆی 2021، بكوژی ئافرەتەكە بە ناوی (ن. ع. م) لە ماوەی 5 كاتژمێر لە دوایین خاڵی پشكنینی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان دەستگیربكرێت.

ئاشكراشی كرد، تۆمەتباری ناوبراو، كە وتەی وەرگیراوه‌ و دانی بە تاوانەکەیدا ناوه‌، بە هاوكاری و هەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆران و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی مێرگەسۆر/ بازگەكان و هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سۆران/ بەشی جووڵانەوە، قۆڵبەست كرا.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، سوپاسی هاوكاری هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی كرد و جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتیانی خۆشەویستی شاری هەولێر و دەوروبەری، هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر و سەرجەم هێزە ئەمنییەكانی دیكەی هەولێری پایتەخت و پارێزگاکانی دیكه‌، لە پێناو پاراستنی ژیان و ماڵ و سامانی هاووڵاتیان و چەسپاندنی سەروەریی یاسادا، بە یەك تیم كار دەكەین و هەمووشمان خۆمان بە خزمەتكاری راستەقینەی هاووڵاتیان دادەنێین.

 

د.ی