بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا 17 گوندی سنووری زاخۆ چۆڵکراون

11 گوند کریستیان نشینن
kurdistan24.net

K24 - زاخۆ

شەڕی پەکەکە و تورکیا نەهامەتی زۆری بۆ خەڵکی کوردستان دروستکردووە، بە تایبەتی گوندنشینان ژیانیان تاڵ بووە، بەهۆی شەڕی بەردەوام، لە سنووری ناحیەی دەرکاری سەر بە زاخۆ، 17 گوند چۆڵکراون کە 11 یان گوندەکانی کریستیانەکان، ئەوان داوا دەکەن سنوورێک بۆ ئەو شەڕە دابندرێت و چیدیکە هەرێمی کوردستان و گوندنشینان نەکرێنە ئامانج.

ئەنوەر گۆرگیس، هاووڵاتییەکی کریستیانی دانیشتووی گوندی ئەلانشێ-یە، ماوەی دوو ساڵە گوندەکەیان بەهۆی شەڕی پەکەکە و توکیا چۆڵکراوە، ئەو بە کوردستان24ی گوت: "پێشتر کاتێک دەچوینەوە گوندەکەمان پەکەکە بازگەی دانابوو، پێیان دوگوتین بۆ کوێ دەچن؟ چەکتان پێیە؟ بێزاریان دەکرین. دواتر کە تورکیا زانی پەکەکە لەوێیە هات گوندەکەیان داگیر کرد. پەکەکە تورکیا دێنێ بۆ ئەوەی گوندەکانمان داگیر بکات".

11 گوندی مەسیحییەکان لە سنووری ناحیەی دەرکار هەن، سەرجەم گوندەکان بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا چۆڵکراون و زیانی زۆر بەر گوندنشینان کەوتووە.

گوندنشینێک دەڵێ: "هەموو رەز و باخەکانمان بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکە سوتاون، ئێستا رێگاشمان بدەن نازانین بگەڕێنەوە سەر چی لە گوندەکەمان؟"

ئەدیب جەعفەر، بەڕێوەبەری ناحیەی دەرکار بە کوردستان24ی راگەیاند: "تائێستا 17 گوند لە سنوورەکەمان بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا چۆڵکراون و خەڵك ناتوانێ سەردانی گوندەکانیشیان بکەن، تائێستاش تۆپباران لە ناوچەکە بەردەوامە".