ورده‌كارى كۆبوونه‌وه‌ى لوتكه‌يى گرووپى جى 7

یەکێک لە ئەجێندا سەرەکییەکانی لوتکەکە، باسکردنی شەڕی داعش و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرە.
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/e2c66adc-f02b-41d1-9049-b9ebff8d62f3/G7Summit.ism/manifest

K24 – هه‌ولێر:

لووتکەی وڵاتانی ئەندامی گروپی حەوت ناسراو بە جی 7 لە دوورگەیەکی ژاپۆن دەستی پێکرد، کە حەوت سەرکردەی وڵاتانی زلھێزی جیھان کۆدەکاتەوە و باس لە کێشە و قەیرانەکانی ئێستا جیھان دەکەن و یەکێک لە ئەجێندا سەرەکییەکانی لوتکەکە، باسکردنی شەڕی داعش و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرە.

سەرکردەکانی گروپی جی حەوت، 42 یەمین کۆبوونەوەی گروپەکەیان لە دوورگەی ئیس شیمای ژاپۆنی دەست پێکرد و چاوەڕێ دەکرێت لەو کۆبوونەوەیەدا، قەیرانی ئابووری جیھان، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و قەیرانی پەنابەران مژاری سەرەکی ئەو لووتکەیە بێت.

وڵاتانی گروپی حەوت کە بە جى حه‌وت ناسراون، بریتین لە حەوت بەھێزترین وڵاتانی جیھان لەرووی ئابووری و پیشەسازییەوە و رۆڵی باڵایان ھەیە لەسەر رووداو و پێشھاھەکاتی جیھان.

باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا له‌ كۆبوونه‌وه‌ لوتكه‌ييه‌كه‌دا گوتى: "لەم لووتکەیەدا ئێمە باس لە کێشەکانی ناوچەکە و جیھان دەکەین و یەکێکیش لەو بابەتانە ھەڕەشه‌ی کۆریای باکورە لەسەر ئەم ناوچەیە و لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ژاپۆنیش رێککەوتنین کە ھەماھەنگی و پەیوەندییەکانمان فراوانتر بکەین بەرامبەر بەو ھەڕەشەیە".

ئەم لووتکەیە بۆ دوور رۆژە و چاوەڕێش دەکرێت لە کۆتایی لوتکەکە، ھەر حەوت سەرکردەی وڵاتانی زلھێزی جیھان راگەیاندراوێک بڵاوبکەنەوە، تایبەت بە ستراتیژییەتی ئەو گروپە لەمەڕ کێشە ھەنووکەیەکانی جیھان کە رووبەڕبوونەوەی داعش و چارەسەرکردنی کێشەی پەنابەران دوو بابەتی سەرەکین.

ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، کەنەدا، ژاپۆن و ھەروەھا نوێنەری یەکێتی ئەوروپاش ئەندامە لەو گروپە.

خەسڵەتی گروپی جى حه‌وت:

-ئەم وڵاتانە، خاوەنی بەھێزترین و سەقامگیرترین ئابوورین لە جیھاندا.

-لە %64ی داھاتی جیھان پێکدێنن.

-بەرزترین رێژەی داھاتی ناوخۆیی و توانایی مرۆیی، مەرجەکانن بۆ بوونە ئەندام لەو گروپە.

ئەجێندای لووتکەکە:

-رەوشی ئابووری و  بارزگانی جیھان

-سیاسەتی دەرەی وڵاتانی ئەندام و ستراتیژییەتی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر

-گۆڕینی کەشو ھەوا و ژینگەپارێزی

-گەشەپێدانی وڵاتانی ھەژار

-باشکردنی کەرتی تەندروستی لە جیھاندا

-بەھێزکردنی پێگەی ئافرەت لە جیھاندا

-بەھێزکردنی ژێرخانی ئابووری وڵاتانی جیھانی سێیەم