هاوردەی زێڕ بۆ هەرێمی کوردستان کەمیکردووە

ساڵانە دەیان تۆن زێڕ هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

ماوەی چەند ساڵێکە نەتوانراوە قەبارەی ساڵانەی بازرگانی زێڕ لە هەرێمی کوردستان دیاریبکرێت، بەڵام لەسەر ئاستی کڕین و فرۆشتنی زێڕ ئێستا بازاڕ لە دۆخێکی باشتر دایە، بەتایبەت کە لە ماوەی رابردوودا نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 24 لە 400 هەزار دینارەوە بۆ 365 هەزار دابەزی. دیارترین ئەو وڵاتانەی کە زێری تێدا هاوردە دەکرێت، وڵاتی ئیمارات و تورکیایە.

هەندرێن وەرتی، گوتەبێژی سەندیکای زێڕنگران لە هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: "هەرێمی کوردستان لە هەردوو وڵاتی تورکیا و ئیمارات، زێڕ هاوردە دەکات، بەڵام بەهۆی دۆخی ئەم چەند ساڵە ئێستا ئامارێکی دروستمان لەبەردەست نییە".

ئاماژەی بەوەدا: "لە ساڵی 2013 دا 114 تۆن زێڕ هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە، کە 70٪ی بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق بووە و 30٪یش بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی داعش و شەڕ رێژەی هاوردەکردنی زێڕ کەمیکردووە. بەدوای دوایین ئامار کە لەبەردەستمانە ساڵی 2017، 29 تۆن زێڕ لە هەرێمی کوردستان پشکنینی بۆ کراوە

سەبارەت بە بازاڕی ئێستای زێر لە هەرێمی کوردستان. دیار حەمید، یەکێکە لە زێڕینگرانی هەولێر و دەڵێ: "ئێستا بەراورد بە چەند مانگی رابردوو تا رادەیەک بازاڕی زێر باشە، نرخی دابەزیوە و خواست لەسەری زیاتر بووە".