ئەمڕۆ تەمەنی ئەمەریکا دەبێتە (245) ساڵ!

Kurd24

خەڵکی ئەمەریکا لە (4)ی تەممووزی ساڵی (1776) زایینی سەربەخۆیی وڵاتەکەیان راگەیاند و حوکمی شانشینی بەریتانیایان رەتکردەوە و ئامادە نەبوون هیچی تر لە ژێر دەستەڵاتی بەریتانیادا بمێننەوە، بەڵکو کۆمارێکی دەستووری فێدراڵییان دروستکرد، ئەوەش دوای ئەوە هات، کە لە ساڵی (1774) پەرلەمانی بەریتانیا بڕیاریدا وەرگرتنی (باج و سەرانە) لەسەر خەڵکی ئەمه‌ریکا زیاد بکات و ئەمەش کاردانەوەی توندی ئەمه‌ریکییەکانی لێکەوتەوە، چونکە ئەمه‌ریکییەکان هیچ نوێنەرێکیان لە پەرلەمانی بەریتانیادا نەبوو، بۆیە پێیان وابوو بڕیارەکانی پەرلەمانی بەریتانیا لە ئەمه‌ریکا جێبەجێ ناکرێن.

دوو ساڵ دواتر و لە رۆژی (4)ی تەممووزی ساڵی (1776) زایینی (56) سەرکردە و کەسایەتیی ناسراوی ئەمه‌ریکا بە نوێنەرایەتیی (13) ویلایەت جاڕنامەیەکیان بە ناوی جاڕنامەی سەربەخۆییDeclaration of Independence)) بڵاوکردەوە و تێیدا رایانگەیاند:

لەمەودوا خەڵکی ئەمەریکا سەربەخۆن و چیتر لەژێر داگیرکاریی بەریتانیادا نامێنێتەوە.

لەو کاتەوە تا ئێستا، ئەمه‌ریکییەکان هەموو ساڵێك لە رێکەوتی (4)ی تەممووزدا جەژنی سەربەخۆیی وڵاتەکەیان دەگێڕن و یادی رزگاربوونیان لەژێر داگیرکاریی بەریتانیا دەکەنەوە.

کیشوەری ئەمه‌ریکا لە ساڵی (1492) لەلایەن (کریستۆڤەر کۆڵۆمبسی) گەڕیدەی ئەوروپی دۆزرایەوە و بەریتانیاش لە ساڵی (1585)ەوە دەستی بە داگیرکردنی ئەو کیشوەرە کرد.

خەڵکی ئەمەریکا لە ماوەی (245) ساڵی سەربەخۆییاندا، (46) سەرۆکیان هەڵبژاردووە، (19) سەرۆك له‌ پارتی کۆماری بوون، (16) سەرۆکیش له‌ دیموکرات، (11) سەرۆکیش بێلایەن بوون، واتە پێش دامەزراندنی پارتی دیموکرات و پارتی کۆماری (پارتی دیموکرات لە ساڵی 1828 دامەزرا، پارتی کۆماری لە ساڵی 1854 دامەزرا).

ئەمەریکا لە کاتی راگەیاندنی سەربەخۆییدا لەم (13) ولایەتە پێکھاتبوو:

(پێنسلڤانیا، نیویورك، نیوجێرسی، ڤیرجینیا، ماساچوست، میریالند، رودئایالند، کنتکت، کارۆلینای باکوور، کارۆلینای باشوور، دالوێر، نیوهامشر، جۆرجیا)، بەڵام ئێستا ئەمەریکا لە (50) ولایەت پێكهاتووە و هەر ولایەتێکیش تایبەتمەندی خۆی هەیە، هەمووشیان خاوەن دەسەڵاتی خۆجێیی خۆیانن (یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری) ئەویش لە ژێر چەتری دەستووری فیدراڵی ئەمەریکادا.

باوکانی دامەزرێنەر (Founding Fathers) بریتی بوون لە کۆمەڵێك سەرکردەی سیاسی کە راگەیەندراوی سەربەخۆیی ئەمەریکایان واژوو کرد و بەشداریان لە جەنگی سەربەخۆیی ئەمەریکادا کرد و دەستووری ئەمەریکایان نووسیەوە. بە گوێرەی مێژوونوس (ریچارد ب. مۆریس) ئەم (7) سەرکردەیەی خوارەوە وەك باوکانی دامەزرێنەری ئەمەریکا ناسراون: (جۆرج واشنتن، جۆن ئادامز، بنیامین فرانکلین، جۆن جەی، ئەلێکسەندەر ھامیلتۆن، تۆماس جێفرسۆن، جه‌یمس مادیسۆن).

دەقی راگەیاندنی سەربەخۆیی (Declaration of Independence) لە لایەن (تۆماس جیفرسن) لە ڤێرجینا نووسرایەوە، راگەیاندنی سەربەخۆیی بەبێ رەزامەندی بەریتانیا بوو، بۆیە بەریتانیا بەهێز بەرەنگاری ویستی سەربەخۆخوازانی ئەمەریکا بووەوە، دوای شەڕێکی (8) ساڵە شانشینی بەریتانیا ناچاربوو ساڵی (1783) لە رێكکەوتننامەی (پاریس) دان بە سەربەخۆیی ئەمەریکادا بنێت.

بۆ ئەوەی لە سیاسەتی ئەمەریکا تێبگەین، پێویستە لە پلانی ستراتیژی ئەمه‌ریکا تێبگەین، بۆ ئەوەی لە پلانی ستراتیژی ئەمەریکا تێبگەین پێویستە لە پلانی تاکتیکی ئەمەریکا تێبگەین، بۆ ئەوەی لە پلانی تاکتیکی ئەمەریکا تێبگەین پێویستە لە پێودانگی دانانی پلانی تاکتیکی و ستراتیژی ئەمەریکا تێبگەین، هەمیشە بە گوێرەی دوو پێودانگ پلانی تاکتیکی و ستراتیژی ئەمەریکا دادەڕێژرێن، ئەوانیش بریتین لە:

یەکەم: پێودانگی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا.

دووەم: پێودانگی پاراستنی بەرژەوەندیە ماددی و مەعنەویەکانی ئەمەریکا.

کەواتە هەمیشە داڕشتنی (سیاسەت و ستراتیژ و تاکتیکی ئەمەریکا) بەندە بە پێودانگی پاراستنی ئاسایش و بەرژوەندیەکانی ئه‌و وڵاته‌.

لە ساڵیادی سەربەخۆیی ئەمەریکادا بۆ ئێمە گرنگە هەڵوەستەیەك بکەین و پرسیار بکەین:

ئایا ئه‌مه‌ریكا چۆن بووه‌تە زلهێزترین وڵاتی دونیا و سوپه‌ر پاوه‌ری جیهان؟

پێموایە کۆمەڵێك فاکتەر لە پشت سەرکەوتنی ئه‌مه‌ریكا دان، لە هەموو سێکتەرەکانی (سیاسی، ئابووری، سەربازی، تەکنەلۆژی و هونەری و ....هتد)، بەڵام سەرەکیترین فاکتەر بوونی دەستوورێکی کورت و پوخت و پڕ مانایە، کە لە سەر ئاستی جیهان بە کۆنترین دۆکیۆمێنتی کارپێکراو هەژمار دەکرێت، چونکە تەمەنی (232) ساڵە و تاکو ئێستاش کاری پێدەکرێت.

رەشنووسی دەستوری ئه‌مه‌ریكا لە ساڵی (1787) لە کۆنگرەی (فیلادێلفیا)دا بە ئامادەبوونی نوێنەری سێزدە ویلایەت نووسرایەوە، (ئەوکات ئه‌مه‌ریكا تەنها 13 ویلایەت بوو)، دوای ساڵێك گفتوگۆکردنی چڕ و پڕ، لە ساڵی (1788) راپرسی لەسەرکرا، ئینجا لە ساڵی دواتر واتە ساڵی (1789) پەسەند کرا و خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.

دەستووری ئه‌مه‌ریكا لە (7) ماددە پێکهاتووە:

ماددەی یەکەم تایبەتە بە دەسەڵاتی یاسادانان.

ماددەی دووەم تایبەتە بە دەسەڵاتی جێبەجێکردن.

ماددەی سێیەم تایبەتە بە دەسەڵاتی دادوەری.

ماددەی چوارەم تایبەتە بە پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتەکان و حکومەتی فیدراڵ.

ماددەی پێنجەم تایبەتە بە هەموارکردنەوەی دەستوور.

ماددەی شەشەم تایبەتە بە قەرزی نەتەوەیی (الدیون القومیة)

ماددەی حەوتەم تایبەتە بە پەسەندکردنی دەستوور.

یەکێك لە خەسڵەتە گرنگەکانی دەستووری ئه‌مه‌ریكا بریتیە لە (Flexibility) واتە نەرمی و گونجان لەگەڵ هەموو سەردەمەکان، لەم چوارچێوەیەدا ماددەی پێنجەمی دەستوور تەرخان کراوە بۆ هەمووارکردنەوەی دەستوور بە گوێرەی پێویستی سەردەمەکان، بۆیە دەستووری ئه‌مه‌ریكا تاکو ئێستا (27) جار هەموار کراوەتەوە.

خەسڵەتێکی تری بەهێزی دەستووری ئه‌مه‌ریكا، جیاکردنەوە، چاودێریكردن و هاوسەنگی نێوان هەرسێ دەسەڵاتەکەیە (Separation of Powers, Checks and Balances) بە گوێرەی مادەکانی (1 و 2 و 3)ی دەستوور هەر سێ دەسەڵاتەکەی ئه‌مه‌ریكا لە یەکتر جیاکراونەتەوە (یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری)، هەروەها دەستووری ئه‌مه‌ریكا هاوسەنگی نێوان دەسەڵاتەکانی فەراهەمکردووە لە رێگه‌ی چاودێریکردنی هەرسێ دەسەڵاتەکە بەسەر یەکترەوە:

 (The power of US government is constrained by the separation of powers and checks and balances between branches)

لە ئه‌مه‌ریكادا بەهۆی پیادەکردنی ئەم دەستوورە، یاسا لەسەرووی هەموو کەسێکەوەیە، ئینجا ئەگەر ئەو کەسە سەرۆکی ئه‌مه‌ریكاش بێت، وەك بینیمان لە سەردەمی (ترەمپ)دا کۆنگرێسی ئەمەریکا دوو جار پڕۆسەی لێپرسینەوەی (Impeachment)ی بەرامبەر (ترەمپ) ئەنجامدا.

کەواتە دەستووری ئه‌مه‌ریكا بەردی بناغەی دروستبوونی وڵاتێکی زلهێز، هاوچەرخ، مۆدێرن و خاوەن دام و دەزگای بەهێز و چالاکە، ئەمانەش شارستانیەتێکی نوێی بەناوی (شارستانیەتی ئه‌مه‌ریكا) بەرهەمهێناوە، کە لە ژێر سایەیدا دەستور و یاسا و رێساکان سەروەرن بەسەر گشت هاووڵاتیاندا، بەبێ جیاوازی ئایدۆلۆژی، ئایینی، نەتەوەیی، مەزهەبی و ئیتنیکی...هتد.

لە کۆتاییدا گرنگە ئێمەی (خەڵکی کوردستان) هەوڵ بدەین سوود لە ئەزموونی نوسینەوەی دەستووری ئه‌مه‌ریكا وەربگرین، بە تایبەت لە کاتی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان.