بێنرخکردنی نووسیین یاخود بێنرخکردنی نووسه‌ر خۆی
بێنرخکردنی نووسین یاخود بێنرخکردنی نووسه‌ر خۆی، ئه‌مه لێره‌دا پرسیاره‌که‌یه. له رووی ده‌روونناسییه‌وه هه‌موو تاکێك خۆی به‌رپرسی یه‌که‌مین و دواهه‌مینی ژیان و کرده‌کانیه‌تی له ژیاندا. هیچ که‌سێکی تر به‌رپرسیارێتیی ئه‌مانه‌ی ناکه‌وێته ئه‌ستۆ، تاك خۆی نه‌بێت. سه‌باره‌ت به نووسه‌ریش لێره‌دا ته‌واوی به‌رپرسیارێتییه‌کان ده‌که‌وێته سه‌ر شانی خودی نووسه‌ر خۆی و هیچ که‌سێکی تر. چونکه دواجار ئه‌وه خودی نووسه‌ر خۆیه‌تی، که بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆی و نووسینه‌کانی ده‌دات.
له باشووری کوردستان هیچ شتێك وه‌ك نووسین و کتێب بێ‌نرخ نییه، ته‌نانه‌ت به‌های گۆشتی ئێکسپایه‌ر چه‌ندیین جار زیاتره وه‌ك له به‌های کتێب، چونکه ئه‌م گۆشتانه وێڕای به‌سه‌رچوونیان، ده‌کرێنه خواردن و ده‌رخواردی هاووڵاتییان ده‌درێت. هیچ کرێکارێك ناهێت نه‌ك رۆژێك، به‌ڵکو کاتژمێرێکیش به به‌لاش کارێکت بۆ بکات. هیچ مامۆستایه‌ك ناهێت به به‌لاش، رۆژانه وانه‌ی تایبه‌ت به منداڵه‌کانت بڵێته‌وه. هیچ کاره‌باچییه ناهێت، به به‌لاش کارێکی ئێلێکترۆنیی له ماڵه‌که‌تدا بکات ....هتد. که‌چیی هه‌موو چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ن، که کتێبێك به به‌لاش وه‌ربگرن. به‌شێکی زۆری ئه‌م وه‌رگرانه، خوێنه‌ریش نین، به‌ڵام ئاماده‌ن کتێبه‌که به به‌لاش وه‌ربگرن، چونکه بۆ دیکۆری ژووری دانیشتنیان ده‌وێت، وه‌ك پیشاندانێکی رووکه‌شیی.
له دوای راپه‌ڕیینه‌وه، له رێگه‌ی پارته‌کانه‌وه، بێنرخکردنی نووسیین بووه ستراتیژێکی گرنگی بیرکردنه‌وه‌ی حزبی. ئامانج له بێنرخکردنی نووسیندا، له‌ناوبردنی هێزی نووسه‌ر بوو، له‌ناوبردنی کاریگه‌ریی نووسه‌ر بوو له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه. دامه‌زراندنی ئه‌م هه‌موو ده‌زگای چاپه‌مه‌نیی و میدیایانه، واتای ئه‌وه نییه، که خزب له خزمه‌تی ده‌سته‌ڵاتی چواره‌مدایه. واتای ئه‌وه نییه، که حزب له خزمه‌تی گه‌شه‌ی کولتووری کۆمه‌ڵگادایه، به‌ڵکو حزب میدیا وه‌ك چه‌کێك دژ به نووسین و نووسه‌ر به‌کارده‌هێنێت.
نووسه‌ر، ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌نووسه، ئه‌وا ناچاری ده‌زگایه‌ك، رۆژنامه‌یه‌ك، سایتێکی ئێلێکترۆنیی ده‌بێت، که وتاره‌کان و بۆچوونه‌کانی تێدا بڵاوبکاته‌وه. له‌م ده‌زگایه‌دا له‌ژێر ناوی یاسای رۆژنامه‌وانیی، کو‌لتوور، سیاسه‌ت ...هتد. چه‌نده‌ها به‌هانه دێته به‌رده‌می نووسه‌ر، ده‌ستکارییکردنی نووسین، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌میشه کوردییه‌که‌ی سه‌رنووسه‌ر له هی نووسه‌ر باشتر بێت. بۆچوونه‌کانی سه‌رنووسه‌ر له هی نووسه‌ر راستتر بێت، سه‌رنووسه‌ر ئه‌گه‌ر له بوارێکی زانستییدا خاوه‌نی خوێندنیش نه‌بێت، ئه‌وا له نووسه‌ر باشتر ده‌زانێت، که قسه له‌سه‌ر چیی ده‌کرێت .....هتد. به‌مشێوه‌یه میدیا پۆلیسی پارته به‌سه‌ر نووسین و نووسه‌ره‌وه، ئه‌مه‌ش وه‌ك هه‌وڵێکی ستراتیژیی بۆ بێنرخکردنی نووسین و نووسه‌ر.
حزب به‌رهه‌مهێنه‌ری کولتوورێکه، که ناوی ناوه بڵاوکردنه‌وه‌ی رۆشنبیریی، ئه‌ویش به‌وه‌ی نووسین و کتێب به به‌لاش به‌سه‌ر خه‌ڵکیدا دابه‌ش بکات. ئه‌وه‌نده‌ی کتێب به به‌لاش بڵاوکراوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌نده نه‌وت و به‌نزین به به‌لاش به‌سه‌ر هاووڵاتییاندا دابه‌ش نه‌کراوه، ئه‌وه‌نده خۆراك دابه‌ش نه‌کراوه. حزب به‌رهه‌مهێنه‌ری مۆدێلی ده‌رکه‌وتنیشه، که ئه‌م نه‌خۆشییه له سۆسیال میدیاوه گوێزراوه‌ته‌وه ناو نووسه‌ران و رۆژنامه‌نووسانیش. ئه‌مانیش واتا نووسه‌ران، ده‌یانه‌وێت وه‌ك ده‌رکه‌وتووه رووکه‌شه‌کانی سۆسیال میدیا ده‌ربکه‌ون. نووسه‌ران ده‌وڵه‌مه‌ندترین هه‌ژاری ناو هه‌ژاره‌کانن، ئه‌وان سووپاسی هه‌موو یه‌کێك ده‌که‌ن، که کتێبێکیان به به‌لاش لێوه‌ربگرێت.
ماوه‌ته‌وه بڵێم: هه‌تاوه‌کوو کتێب وه‌ك نوقڵی به‌رات دابه‌ش بکرێت، نووسینیش بێنرختر ده‌بێت، له‌پاڵ نووسینیشه‌وه نووسه‌ره‌که‌ش. له ئه‌وروپادا نه‌ك کتێب ده‌فرۆشرێت، به‌ڵکو بلیتی کۆڕی نووسه‌ره‌که‌ش، که قسه له‌سه‌ر کتێبه‌که‌ی ده‌کات ده‌فرۆشرێت، نه‌ك وه‌ك نوقڵ دابه‌ش بکرێت. نوێتریین نموونه، له بچووکترین وڵاتی ئه‌وروپادا (سکانده‌نافیا) که دانمارکه. دوو پۆلیسی خانه‌نشینکراو، پێکه‌وه هه‌ڵده‌ستن به نووسینی کتێبێك له‌سه‌ر ئه‌زموونیان له کاری پۆلیسیدا، به‌تایبه‌ت له دۆسیه‌ی کووشتندا. ئه‌م دوو پۆلیسه بریتین له کورت کراگ و ئۆوه دال (Kurt Kragh & Ove Dahl)، کتێبه‌که‌یان ناوی "شێفه‌کانی کوشتن"ه تایتڵی دووهه‌م "گه‌وره‌تریین دۆسییه"یه. نرخی کتێبه‌که‌ی ئه‌م نووسه‌رانه نزیکه‌ی چوارده دۆلار و نیوه، لێ بلیتی کۆڕه‌که‌یان نزیکه‌ی سێ‌جار گرانتره وه‌ك له کتێبه‌که خۆی، ئه‌ویش بایی چل و نۆ دۆلاره. دواجار ده‌مه‌وێت بپرسم، که ئاخۆ ئیشی یه‌کێتیی نووسه‌رانی کورد چییه؟