ئەندازیارێکی کورد فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دهۆک دیزاین دەکات

شەهزاد: زیاتر لە ساڵێک سەرقاڵی دیزاینکردنی فڕۆکەخانەی دهۆک بووم
kurdistan24.net

K24 - دهۆک

ئەندازیارێکی گەنجی دهۆک، ساڵێک زیاترە خەریکی دیزاینکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دهۆکە، کە ماوەیەک لەمەوبەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دروستکردنی دا. ئێستا ئەو ئەندازیارە چاوەرێی حکومەتە تا سوود لە ئەزموونی وەربگرێت و خەونەکەی ببێتە راستی. ئەو دەڵێت، توانای ئەندازیارانی کورد هیچی لە توانا ئەندازیارانی بیانی کەمتر نییە، وەکخۆی دەڵێ یەکەم کوردە کە دیزاینی فڕۆکەخانەیەکی نێودەوڵەتی بەو شێوازە ئامادە بکات.

ئەندازیار شەهزاد سێلکی، کە دیزاینی فڕۆکەخانەی دهۆک دەکات بە کوردستان24ی گوت: "من یەکەم ئەندازیاری کوردم کە توانیومە دیزانینێکی لەو شێوەیە لە کوردستان ئامادە بکەم، دەمەوێت بەم کارە خزمەت بە وڵاتەکەم بکەم، هەروەها دەمەوێ پیشانی خەڵکی بیانی بدەم کە ئێمەش دەتوانین، ئەم جۆرە دیزاینانە بۆ کوردستان بکەین".

سەبارەت بە بیرۆکەی دیزاینەکە شەهزاد، گوتی: "هەر ئەندازیارێک پێش ئەوەی دەست بە پڕۆژە بکات، بیرۆکەی تایبەتی هەیە، دواتر دەیکات بە پڕۆژە و جێبەجێی دەکات".

ئاماژەی بەوەشکرد: "ماوەی ساڵیک و 24 رۆژ سەرقاڵی پڕۆژەی دیزاینکردنی فڕۆکە خانەی دهۆک بووم، چەندین تایبەتمەندیم لە دیزاینەکەدا بەکارهێناوە، کە گونجاوە لەگەڵ سرووشتی دهۆک، داواکارم حکومەت پڕۆژەکەم پەسند بکات".

لە مانگی شوباتی ساڵی 2013، بە گوژمەی 443 ملیۆن دۆلار دەستکرا بە پڕۆژەی دروستکردنی فڕۆکەخانەی دهۆک. ئەو کات 900 رۆژ بۆ تەواو کردنی پڕۆژەکە دیاریکرابوو، بەڵام لە قۆناغی یەکەم پڕۆژەکە وەستێندرا. لەگەڵ کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەوڵەکان بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە چڕ کراونەتەوە و شەهزادی ئەندازیاریش دەیەوێت بە پەسندکردنی دیزاینەکەی خەونەکەی بێتەدی.