بێ کارەبایی خەڵکی بەغدا هەراسان دەکات

هێشتا وێستگەکانی کارەبای نیشتمانی بەگەڕ نەخراونەتەوە
kurdistan24.net

K24 - بەغدا

دوای ئەوەی زنجیرەیەک تەقینەوە و ھێرش کرایە سەر تاوەرەکانی کارەبا لە سنووری بەغدا و مووسڵ و چەند شارێکی دیکەی عێراق، ھێشتا وێستگەکانی کارەبای نیشتمانی دەستیان نەکردووەتەوە بە دابەشکردنی کارەبا، بەو ھۆیەشەوە نرخی یەک ئەمپێری موەلیدە ئەھلییەکان گەشتووەتە 25 ھەزار دینار، بەشێک لە ھاووڵاتییانی ناوچەی سەدری بەغداش نیگەرانی قەیرانی کارەبان و ھەڕەشەی خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی دەکەن. دەشلێن لە کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردن رێگە بە کاندیدەکان نادەین بێنە ناوچەی سەدر و دەنگیشیان پێنادەین.

بەهۆی کەمی کارەبای نیشتمانی، ھەر خاوەن موەلیدەیەک لە بەغدا چەندین موەلیدەی داناوە تاکو بتوانێت تەواوی 24 کاتژمێر کارەبا دابەش بکات و ببێتە جێگرەوەی کارەبای نشتیمانی. لە ژێر قرچەی گەرمای مانگی تەموزدا زیاتر لە 10 رۆژە کارەبای نیشتمانی بەھۆی تەقاندنەوەی تاوەرەکانی کارەبا لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق بچڕاوە، ئەمەش نرخی ئەمپێری کارەبای موەلیدە ئەھلییەکانی گەیاندووەتە 25 ھەزار دینار.

حوسێن موئەید، خاوەنی موەلیدەی ئەھلی لە بەغدا بە کوردستان24ی گوت: " کارەبای نیشتمانی بە ھیچ شێوەیەک نییە، دوو رۆژ پێش ئێستا کاتژمێر 2ی شەو بۆ 11ی بەیانی بێ پشوو موەلیدەکەمان ئیشی کردووە و پاشان موەلیدەیەکی دیکەم خستە کار، ھەر نەبێ دوو کاتژمێر نیشتمانی بدەن با ئێمەش دوو کاتژمێرەکەی دیکە بدەین، بەڵام نیشتمانی ھەر نییە ھەمووی ھەر موەلیدەیە".

ناوچەی سەدری شیعە نشین، ھێمایەکە بۆ نشتەجێبوونی خەڵکی ھەژار و ناوچەیەکی بێ خزمەتگوزارییە، دانشتووانی یەکێک لە گەڕەکەکان باس لە بڕینی ئاوی خواردنەوە و پێنەدانی کارەبا دەکەن بۆ ماوەی زیاتر لە 10 رۆژ، ئەمە جگە لەوەی لە سەرەتاترین مافەکانی خزمەتگوزاری بێبەشن، بۆیە نیگەرانن و دەڵێن لە ماوەی 17 ساڵی حکومڕانی دەسەڵاتدارانی بەغدا ئاوڕیان لێ نەداونەتەوە، وەک کاردانەوەیەکیش لە کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردن پێشوازی لە کاندیدکان ناکەن و دەنگیانیش پێنادەن.

زەید سامی ھاووڵاتییەکی دانیشتووی ناوچەی سەدرە و دەڵێ: "خەڵکی عێراق تووشی قەیرانێکی سەخت بوونە، ھەلی کار نییە دامەزراندن نییە، سەرەتاترین مافی مرۆڤ بۆ ھاووڵاتییانی عێراق دابین نەکراوە، قەیرانی کارەبا ھەیە بەم کەشوھەوا گەرمە، ئێمەی عێراق ماندوترین مرۆڤی سەر زەوین، من گەنجێکم بەرگەی گەرما و بێ کارەبایی دەگرم، ئەی منداڵێکی بێتاوان گوناھی چیە بەم گەرمایە لە ماڵەوەیە بێ کارەبا بێت".

هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی جەواد حەمید گوتی: "هەفتەیەکە کارەبای نیشتمانی بڕاوە لای ئێمە لە مەدینە سەدر کارەبا ھەر زۆر خراپە و نرخی ئەمپێر پێشتر 15 ھەزار بوو ئێستا گرانیان کردووە، منی خانەنیشن مووچەکەم بدەمە خواردن؟ بیدەم بە کارەبا؟ یان بازاڕی و دکتۆر؟".

ھەوڵی بە خۆماڵی کردنی کارەبای نیشتمانی لە رێگای دانانی 20 وێستگەی ئەتۆمیەوە، بەربەستی بۆ دروست دەکرێت. لە 10 رۆژی رابردوو 47 تاوەری کارەبا تەقێندرانەوە، پاشان ھێزێکی ئەمنی ھاوبەش راسپێردران بۆ پاراستنی تاوەرەکانی کارەبا لە عێراق، ئەمەش دەردەخات کە گەندەڵی گەورە لەنێو وەزارەتی کارەبا هەیە.بەو رادەی دەست لەکار کێشانەوەی وەزیری کارەبا پەسەندکرا، ئەنجومەنی وەزیرانیش کۆمەڵێک بڕیاری دەرکردووە، بۆ دابەشکردنەوەی کارەبا کەچی تا ئێستا نەتوانراوە کارەبای پێویست دابین بکرێت، چونکە سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی 17 ساڵی رابردوودا 50 ملیار دۆلار بۆ کەرتی کارەبا خەرجکراوە، بەڵام قەیرانی کارەبا بەردەوامە و تا دێت خراپتر دەبێت.