له‌قله‌قێك ده‌بێته هاوڕێی گیانی به گیانی ئه‌و پیاوه‌ی ژیانی رزگاركردووه
K24 – هه‌ولێر
له‌قله‌قێك سێ مانگ له‌مه‌وپێش، كاتێك بێچووێكی چه‌ند مانگه بوو، له سه‌ر هێلانه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته خواره‌وه و زامدار ده‌بێت، هاووڵاتییه‌كی دانیشتووی ناوچه‌ی مه‌رگه‌وه‌ڕی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، به‌ناوی ئه‌كره‌م، به‌په‌له به‌هانایه‌وه ده‌چێت و له مردن رزگاری ده‌كات، ئێستاش له‌قله‌قه‌كه بووه‌ته هاورێی گیانی به گیانی ئه‌كره‌م، به‌ڵام هێشتا جیاوازی له نێوان ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی ئه‌كره‌م ده‌كات و نه‌بووه‌ته هاوڕێی هه‌مووان.
ئه‌كره‌م چیرۆكی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی ئه‌و بێچووه له‌قله‌قه ده‌گێڕێته‌وه و ده‌ڵێت: "كاتێك هێنام چه‌ند رۆژێك خواردنی نه‌ده‌خوارد، به‌ڵام من وه‌كو دایكی خواردنم بۆ پارچه پارچه ده‌كرد و پێمده‌دا، تا‌كو راهات، ئێستاش فێربووه له‌گه‌ڵ مریشك و قازه‌كان خواردنی ده‌خوات".
له‌قله‌قه‌كه ئێستا زۆر هۆگری ئه‌كره‌م بووه، دیاره ئه‌و به فریادڕه‌سی خۆی ده‌زانێت، به‌جۆرێك كه ئه‌كره‌م له ماڵ نه‌بێت دۆخی تێكده‌چێت و هیچ ناخوات، هه‌روه‌ك ئه‌كره‌م ده‌ڵێت: "جارێكیان خۆم له ماڵ نه‌بووم، كه هاتمه‌وه زانیم خواردنی به ده‌ستی كه‌س نه‌خواردووه، كاتێك منی بینی هاته پێش و من زانیم كه برسیه، هه‌ندێك برنج و خواردنم كرده ناو ئاو و پێم‌دا".
ئێستا له‌قله‌قه‌كه له‌گه‌ڵ مریشك و قازه‌كانی ئه‌و خێزانه راهاتووه رۆژه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌وان به‌ڕێده‌كات.
ئه‌كره‌م تا ئێستاش له‌قله‌قه‌ی له ژێر چاودێری خۆی هێشتووه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی تا ئه‌و كاته‌ی باڵه‌كانی بۆ فڕین ئاماده ده‌بێت، ئازادی بكات، له‌و باره‌یه‌وه ئه‌كره‌م ده‌ڵێت: "له‌قله‌قه‌كه سه‌ربه‌سته هه‌ركات بیه‌وێت ده‌توانێت ئازاد بێت، چونكه ئه‌و باڵنده‌یه به سه‌ربه‌ستی و كۆچه‌ربوونیه‌وه جوانه".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "هه‌تاوه‌كو خۆی داوای فڕین ده‌كات لای من ده‌بێت، ئه‌و ئاژه‌ڵـێكی سه‌ربه‌سته ئازادی له ده‌ستی مندا نییه له ده‌ستی خۆیدایه و هه‌ركاتێك بیه‌وێت ده‌توانێ بفرێت و بڕوات هیچ لاریم نییه".
ئه‌گه‌رچی له‌قله‌قه‌كه له لایه‌ن فریادڕه‌سه‌كه‌یه‌وه ئازاد كراوه و هه‌ركات بیه‌وێت ده‌توانێ بفڕێت، به‌ڵام وادیاره كه‌ش و شوێنه‌كه‌ی به‌دڵه و جارێ وازی له‌سه‌ربه‌ستییه‌كه‌ی هێناوه، پێناچێت ئه‌كره‌م و باڵنده ماڵییه‌كان به جێبهێڵێت، كه بوونه‌ته هاوڕێی نزیك یه‌كتر.
س. ی