(350) هه‌زار زەوی و خانووى زێده‌ڕۆ لە هەرێمی کوردستان تاپۆ دەکرێن
.jpg)
K24- هه‌ولێر:
له ئینفۆگرافیكێكى كوردستان24، تایبه‌ت به تاپۆكردنى زەوی و خانووی زێده‌رۆ، بڵاوكرایه‌وه، له‌هه‌رێمى كوردستاندا (350) هه‌زار خانووى زێده‌ڕۆ هه‌ن، (130) هه‌زاریان له‌هه‌ولێره، (50) هه‌زار له سلێمانیی، (27) هه‌زاریش له دهۆك، له‌هه‌ڵه‌بجه‌ش، به رێژه‌ى (%60) موڵکەکان بێ تاپۆن.
سه‌باره‌ت به باج و رسوماتى تاپۆكردنى زەوی و خانووه‌كان، بڕیاره‌كه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه كردووه، دواى خه‌مڵاندنى نرخى موڵكه‌كه، له شار‌و شارۆچكه‌كان، باجى به‌ناوكردن، به رێژه‌ى (%5) ده‌بێت، له گوند و ناوچه دووره ده‌سته‌كان، باجى به‌ناوكردن به رێژه‌ى (%2) ده‌بێت.
ئه‌گه‌ر بێت و موڵكه‌كه له شار بێت، نابێت رووبه‌ری له (300) مه‌تر زیاتر بێ، ئه‌گه‌ر له شارۆچه‌كه‌یه‌كیش بێت، نابێت له (400) مه‌تر زیاتر بێت، بۆ شاره دێكانیش، پێویسته رووبه‌رى موڵكه‌كه له (500) مه‌تر زیاتر نه‌بێت، ڤێلا و خانووى دروستكراو له‌سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان تاپۆ ناكرێن.
له‌مباره‌یەوە، لوقمان وه‌ردى، ئه‌ندامى لێژنه‌ى شاره‌وانییه‌كان، له په‌رله‌مانى كوردستان بۆ كوردستان 24 رایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ هه‌موارى تازه بۆ پڕۆژه یاساى ژماره (3)ى ساڵى (2019)، به ده‌نگى (68) په‌رله‌مانتار، په‌سند كرا، كه تایبه‌ته به تاپۆكردنى خانوو و زەویە زێده‌ڕۆكان.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ى لێژنه‌ى شاره‌وانییه‌كان، له په‌رله‌مانى كوردستان، راشیگه‌یاند، ئه‌و هه‌ل و مه‌رجه‌ى كه له‌هه‌رێمى كوردستان هه‌بووه، هاوكار بووه بۆ دروست كردنى خانووى زێده‌ڕۆ، قۆناغه جیاوازه‌كانیش، لە هه‌رێمى كوردستان واى خواستووه، هاوڵاتیان له‌گه‌ڕه‌كه هه‌ژار و دووره ده‌سته‌كان، خانووى زێدڕۆیی له‌سه‌ر زه‌وییه‌كانى حكومه‌ت دروست بكه‌ن، وێڕاى ئه‌وه‌ش، بۆ دابینكردنى شوێنێكى نیشته‌جێبوون، خەڵکی په‌نایان بردووه بۆ كڕینى زه‌وی بێ تاپۆ، تا ئه‌و ئاسته‌ى گه‌ڕه‌كى زێده‌ڕۆ له پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستان دروست بوون، تا تاپۆ نه‌كرێن، حكومه‌ت ناتوانى خزمه‌تگوزاری پێویستیان بۆ دابین بكات، بۆیه په‌رله‌مانى كوردستان یاساى ژماره (3)ى ساڵى (2019)ى په‌سند كرد، به‌هۆكاری بڵاو بوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا، جێبه‌جێكردنى ئه‌و یاسایه دوا كه‌وت.
لوقمان وه‌ردى، روونیشیكرده‌وه، بۆ راستكردنه‌وه‌ى ماسته‌ر پلانى شاره‌كان، به هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تى شاره‌وانییه‌كان و وه‌زاره‌تى شاره‌وانى، ئه‌و یاسایه‌مان هه‌موار كرد، كاتى به‌ناوكردنى ئه‌و موڵكانه‌ش بۆ هاوڵاتیان، له چوار مانگه‌وه بۆ ساڵێك درێژكرایه‌وه، واته هاووڵاتیان ده‌توانن له‌ماوه‌ى یه‌ك ساڵدا موڵكه‌كانیان تاپۆ بكه‌ن.
ئه‌ندامى لێژنه‌ى شاره‌وانییه‌كان، گوتیشى: دواى ئیمزاكردنى ئه‌و یاسایه له‌لایه‌ن به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پاشان له رۆژنامه‌ى وه‌قایعى كوردستان بڵاو ده‌بێته‌وه، ئه‌وكات ده‌چێته وارى جێبه‌جێكردنه‌وه، هاووڵاتیان لە رێگەی بۆ یه‌كه ئیدارییه‌كانەوە، ده‌توانن ده‌ست بكه‌ن به پێشكه‌شكردنى مامه‌ڵه‌كانیان.
ک.ب