ئیمتیازاتێکی دیکە بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دابین دەکرێت

خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای ھەمواری یاسای خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان کرا
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی دووەمی بۆ پڕۆژە یاسای ھەمواری یاسای خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان کرد و بەگوێرەی ھەمواری پڕۆژە یاساكە، حكومەتی ھەرێمی كوردستان ژمارەیەک ئیمتیازاتی تازە بۆ خاوەن پێدوایستیە تایبەتەکان دابین دەکات، بەپێی ھەموارەكە ھەركەسێك بە نایاسای خۆی بە خاوەنپێداویستی تۆمار بكات بە 2 ملیۆن تا 5 ملیۆن دینار سزا دەدرێت.

بەگوێرەی ناوەڕۆکی ئەو پڕۆژە یاسایە، پێشنیاز کراوە لە کەرتی تایبەت ھەلیكار بۆ خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان بە رێژەی لە 5٪ دابین بكرێت و لە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوونیش بە رێژەیەكی زۆر داشكاندنیان بۆ دەكرێت، لە پڕۆسەی پەروەردە و فێركردنیش گرنگی بە خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان دەدرێت.

بەپێی پڕۆژە یاسایەکە، حكومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ لەمەودوا ناوەندێكی حەوانەوەو بەخێوكردن بۆ ئەو خاوەن پێداویستیە تایبەتانە دابین دەكات، كە بێ كەسوكارن، هەروەها ھەردوو وەزارەتی تەندروستی و كارو كاروباری كۆمەڵایەتی سەنتەرێكی تایبەت و پێشكەوتوو بۆ دیاریكردنی رێژەی پەككەوتە دادەمەزرێنن. حكومەتی ھەرێمی كوردستانیش لە گفتوگۆدایە بۆ پێدانی مووچە بەو كەسانەی وەك خاوەن پێداویستی تازە تۆماركراون.