گەڕێکی دیکەی دانوستانەکانی ئاستانە بەڕێوەدەچێت

گفتوگۆ لەبارەی گەیاندنی هاوکاری مرۆیی و گەڕاندنەوەی پەنابەران و پێشخستنی میکانزمی ئاگربەست دەکرێت
دانوستانەکانی ئاستانە - ئەرشیف
دانوستانەکانی ئاستانە - ئەرشیف

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ گەڕێکی دیکەی دانوستانەکانی ئاستانە لەباری کێشەکانی سووریا بەڕێوەدەچێت و نوێنەری رووسیاش دەڵێ "پێویستە هاوکارییەکان بە رێگەی دیمەشقەوە بگەیەندرێتە خەڵکی سووریا".

19مین گەڕی دانوستانەکانی ئاستانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریا ئەمڕۆ لە شاری نوورسوڵانی پایتەختی کازاخستان بەڕێوەدەچێت، پرسی گەیاندنی هاوکاری مرۆیی و گەڕاندنەوەی پەنابەران و پێشخستنی میکانزمی ئاگربەست لە ناوچەکانی کەمکردنەوەی شەڕ تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانی ئاستانە دەبن.

پێش دەستپێکردنی دانوستانەکانیش ئەلیکسەندەر لاڤرنتیڤ، نوێنەری رووسیا لە دانوستانەکانی ئاستانە رایگەیاند "پێویستە رەوانەکردنی هاوکارییەکان بۆ خەڵکی سووریا بە رێگەی دیمەشقەوە بێت".

گوتیشی "پێویستە رەوانەکردنی هاوکارییەکان بە رێگەی دەروازە سنوورییەکان رابگیرێت، بۆ ئەوەی چیتر چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن لە ئیدلب و ناوچەکانی دیکە دەستی بەسەردا نەگرن".