دیسان کورد و هێرشی درۆنەکان!

Kurd24

چالاکی و کردەی بنەڕەتی لە عێراقدا ئێستا کورت بووه‌تەوە بۆ کردەی توندوتیژیی و هەڕەشەی درۆنەکان و مومارەسەی فاشیزمی مەزهەبیی شیعیی لەلایەن گروپ و لیوا و کەتائیبەکانی حەشدی شەعبیەوە. ئەوەی ئەمشەو لە فرۆکەخانەی هەولێر روویدا، پێش هەر شتێك زەبربوو لە سەروەری یاسا و بەهاکانی پێکەوەژیان لەو عێراقە وەهمییەی زۆر کەس خەونیان بە چاکبوونیەوە دەبینێت، بەتایبەت هەندێك حاشیەی دەوروبه‌ری "مستەفا کازمی"، کە بە ریفۆرمخواز و رزگارکەریان دەزانی.

ئێستا "مستەفا کازمی" سەرۆك وەزیران خۆی دەستەو ئەژنۆیە و لە دۆخێکی تەواو جەبریی و داخراودایە و جگە لە گەشتی دیپلۆماسی و موبارەکەی چالاکییەکانی حەشدی شەعبی، کارێکی دیكه‌ نییە بیکات و ئه‌نجامی بدات!

لەو عێراقەی سەرۆك وەزیران و سەرۆک کۆماردا هیچ کردەیەکی پەرلەمانی و دیموکراسی و ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکان بوونی نییە و مەزهەبگەراکان کۆی جومگەکانی عێراقیان تەنیووە، دەنگۆکانی هەڵبژاردن و سیناریۆکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنیش بۆ حکومەتی ئایندە زیاتر بۆ لەبیرکردنی ئەو پاشاگاردانی و فەوزەویەت و لەکەدارکردنەی دامەزراوەی دەستووریی و یاساییە، کە هەرگیز کاری پێناکرێت.

هەڕەشەکانی دوێنێی ئەمینداری کەتائیبی، "سيد الشهداء، أبو آلاء الولائي"، زۆر روون و راشکاو بوون، بۆ تێکدانی پڕۆسەی سیاسی و ئارامی و لەبەریەك هەڵوەشانی تەواوی دامەزراوە مەدەنییەکان و شەرعیەتی یاسایی، کە چەمکی (ئیجتیهاد و فەتوا)ی بەتەواوی خستە بری چەمکەکانی یاسادانان و دادوەریی. ئەمە رێک مومارەسەی تائیفیەت و وەلا و رای شیعە و تیۆرەکانی رەگ و ریشەی مەرجەعیەت و ویلایەتی فەقیهـ و حوکمی مەزهەبیی توندی حەوزە و شورای دینییە و تەفسیری دیكه‌ی نییە.

ئەوان بەم روانگە و بیر و نەزمە تائیفییە، عێراقێکی یەکپارچەیان دەوێت لە ئانارشیزم و فەوزا، راستە بە رووکەش دژی کردنە دەرەوەی هێزەکانی ئەمه‌ریکان لە عێراق، بەڵام بە ناواخن داواکاری و ئۆفەرییان دەوێت بۆ ئێران، بۆ دانووستان و کەمکردنەوەی ئابڵوقەکان لەسەری، ئەگەرچی ناوچەیەکی ئارام و فیدراڵی وەک هەرێمی کوردستان پێگەیەکی نییە لە زیهنیەت و ئەجێنداکانیاندا و دەبێت کورد ئەمە بگەیەنێت بە دەرەنجامێك.

دواجار یەکلایی کردنەوەی دۆسیەی ئه‌تۆمی و گفتوگۆکانی چەکی ناوكی و زیندوکردنەوەی رێککەوتنی 5+1 ئێرانی خستووه‌تە گێژاوێکی مەترسیدار، ئەگەر "ئیبراهیم رەئیسی" سازشی لەسەر نەکات، قەیرانەکانی سەختتر دەبنەوە، ئەمه‌ریکاش بەکاوەخۆ رێک لەم دەریچە لاوازانەوە دەیەوێت دەستکاری هەریەک لەو سیستمانە بکات بە عێراقیشەوە، بۆیە دەگوترێت وەرەقەی لێتێگەیشتن و رێککەوتنی کورد و بەغداد بە فلتەری گۆڕانکارییەکانی تاران و واشنتندا دەڕوات.