وەزارەتی کشتوکاڵ مەرج بۆ بەرهەمی جوتیاران دیاردەکات

بەرهەمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان هەناردەی وڵاتان دەکرێت
فێستیڤاڵی بەرهەمی خۆماڵی لە دهۆک - ئەرشیف
فێستیڤاڵی بەرهەمی خۆماڵی لە دهۆک - ئەرشیف

K24 – هەولێر

بە مەبەستی بەبازاڕکردنی بەرهەمی خۆماڵی و هەناردەکردنی بۆ وڵات، وەزارەتی کشتوکاڵ چەند مەرجێک بۆ جوتیاران دیار دەکات.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "لەپێناو بەبازاڕکردن و ساغکردنەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی (میوە و سەوزە) ناوخۆی جوتیاران، بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر بەرهەمەکانی جوتیارانی هەرێمی کوردستان لە وڵاتان، میکانیزم و مەرجەکانی هەناردەکرنی بەروبوومی کشتوکاڵیمان داناوە، کە بە نووسراوی فەرمی گشتاندنمان پێکردووە، بۆ ئەوەی لەمەودوا بە کوالێتی زۆر بەرز و تایبەتمەند بەرهەمی ناوحۆیی جوتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتان هەناردە بکەین".

بەگوێرەی نووسراوێکی وەزارەتی کشتوکاڵ کە واژۆی بێگەرد تاڵەبانی بەسەرەوەیە تێیدا چەند مەرجێک بە مەبەستی بەرزکردنەوەی کوالێتی بەرهەمی جوتیاران خراونەتەڕوو، لە یەکێک لە مەرجەکان هاتووە "پێویستە داواکار بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی ناوخۆیی خاوەنی کۆمپانیای تایبەت بە کشتوکاڵ بێت، و لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی پارێزگاکان داواکاری هەناردەکردن پێشکەش بکات، بە هەماهەنگی و پشتگیری ژووری بازرگانی و پیشەسازی یەکێتی هاوردە و ناردنکاران".

وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەشکردووە: "پێویستە داواکار بە روونی (جۆری بەرهەم، بڕی بەهەم، شوێنی بەرهەمهێنان، و ئەو دەروازەیەی کە بەرهەمەکەی لێ هەناردە دەکات و ئەو وڵاتەی کە بۆی هەناردە دەکات لە داواکاری ئاماژەی پێبدات".

لە خاڵێکی دیکەی نووسراوەکەدا ئەوەشخراوەتەروو: "ئەو بەرهەمانەی بڕوانامەی پشکنینی تاقیگەی بەپێی تایبەتمەندی ئەو وڵاتەی کە بۆی هەناردە دەکرێت پێبدرێت، لەلایەن ئەو تاقیگانەی کە مۆڵەت پێدراون و لەلایەن وەزارەتمان لە عەلوەکان".

وەزارەتی کشتوکاڵ راشیگەیاندووە: "پیویستە هەناردەکار ئەم بەهەمانە بەشێوازێکی مۆدێرن و بەپێی جۆری بەهەمەکان پاکێج بکات و بە پێچانەوەی بەپێی تایبەتمەندی خواستی هەناردەکار بێت".

نووسراوی وەزارەت
نووسراوی وەزارەت
نووسراوی وەزارەت
نووسراوی وەزارەت