پلاتفۆرمی رۆژنامه‌وانانی بیانی له‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ هۆكاری داخرانی نووسینگه‌كانی كوردستان24 له‌ رۆژئاوای كوردستان ده‌كۆڵێته‌وه‌

به‌ڕێوبه‌ری گشتیی دامه‌زراوه‌ی كوردستان24، محه‌مه‌د حاجی كه‌ریم له‌ چاوپێكه‌وتنێكی ئه‌و پلاتفۆرمه‌دا ورده‌كاری له‌ باره‌ی ئه‌رك و رۆڵی میدیایی كوردستان24 له‌ هه‌مبه‌ر پرسه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ رۆژئاوای كوردستان خستووه‌ته‌ڕوو
لۆگۆی كوردستان24
لۆگۆی كوردستان24

K24 – هه‌ولێر:

پلاتفۆرمی رۆژنامه‌ڤانانی بیانی له‌ ئه‌مه‌ریكا، راپۆرتێكی له‌ باره‌ی داخستنی ئۆفیسه‌كانی كوردستان24 له‌ رۆژئاوای كوردستان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و به‌ڕێوبه‌ری گشتی دامه‌زراوه‌ی كوردستان24، محه‌مه‌د حاجی كه‌ریم له‌ چاوپێكه‌وتنێكی ئه‌و پلاتفۆرمه‌دا ورده‌كاری له‌ باره‌ی ئه‌رك و رۆڵی میدیایی كوردستان24 له‌ هه‌مبه‌ر پرسه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ رۆژئاوای كوردستان خستووه‌ته‌ڕوو.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا، به‌ڕێوبه‌ری گشتیی دامه‌زراوه‌كه‌ له‌ باره‌ی هۆكاری داخستنی نووسینگه‌كانی كوردستان24 رایگه‌یاندووه‌، "ئەوەی بۆ ئێمە روونبووه‌تەوە، كاریگەری هەواڵ و بەدواداچوونەكانمانە لە بواری جیاواز، كوردستان24 هیچ كاتێك لە دەرەوەی ئیتیك و بنەما پیشەییەكانی كاری میدیایی لاینەداوە. رووماڵ و بەدواداچوونەكانی هەمیشە لە خزمەت خەڵك و دەرخستنی راستییەكان بووە. پەردەی لەسەر پاوانخوازییەكان هەڵماڵیووە. بەدواداچوونی بۆ توندوتیژیی و تەقینەوە و كارە تیرۆریستییه‌كان و پێشلكارییەكانی مافی مرۆڤ، هەژاری و ئاوارە و دەربەدەربوونی خەڵكی ئەو وڵاتە كردووە، ئینجا كێ‌ و چ دەوڵەت و دەسەڵاتێك هۆكار بووبێت. كەناڵە میدیاییەكانمان، لەگەڵ رووداوەكاندا رۆیشتوون، جیا لە رووماڵ و مامەڵەی هەواڵی لەگەڵ پرس و رووداوەكان، دەرفەتی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان بە شێوەیەكی هاوسەنگ و بابەتیانە رەخساندووە".

لۆگۆی پلاتفۆرمی رۆژنامه‌ڤانانی بیانی له‌ ئه‌مه‌ریكا
لۆگۆی پلاتفۆرمی رۆژنامه‌ڤانانی بیانی له‌ ئه‌مه‌ریكا

له‌ باره‌ی گرنگی ئاماده‌یی كوردستان24 وه‌ك ده‌زگایه‌كی میدیایی له‌ رۆژئاوای كوردستان، محه‌مه‌د حاجی كه‌ریم بۆ پلاتفۆرمی رۆژنامه‌وانانی بیانی له‌ ئه‌مه‌ریكا روونیكردووه‌ته‌وه‌، "كوردستان24 لە قامشلۆ و كۆبانی نووسینگەی هەبوو، تیمە رۆژنامەوانەكانمان بەردەوام لە نێو رووداوەكاندا ئامادەییان هەبووە. لە رووداوەكانی هێرشی سوپای توركیا و میلیشیاكانی نزیك لەو وڵاتە بۆ سەر عەفرین باشترین رووماڵمان هەبووە، جیا لە گواستنەوەی دیمەنەكانی شەڕ و توندوتیژەكان و ئاوارەبوونی خەڵكەكە لە رێگەی شاشەی تیڤی و ماڵپەڕ و سۆشیال میدیا، بووینە سەرچاوەی زۆربەی ئاژانسەكانی هەواڵی جیهانی و میدیا بەناوبانگەكان، زانیاری و وێنەیان لە ئێمە وەردەگرت".

ئاماژه‌شی داوه‌، "لە رووداوەكانی سەرێ كانی و ناوچەكانی دیكە. پێشتریش لە ئیدلیب و حەلەب لە شەڕی دژی داعشدا رۆڵ و ئامادەیی تیمە رۆژنامەوانییەكانی ئێمە زۆر دیار بووە. جگە لەمەش بەدواداچوونی مەیدانی و كاری زۆر باشمان لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵك، هەژاری، بێ‌ كاریی، رەوشی تەندروستی و پەروەردە، چەندین پرسی دیكەی كۆمەڵایەتی بەتایبەت رەوشی منداڵان و ژنان، بابەتەكانی پەیوەست بە بواری مافی مرۆڤ و ئازادی سیاسی و رێكخراوەیی كردووە".

محه‌مه‌دی حاجی كه‌ریم، به‌ڕێوبه‌ری گشتیی دامه‌زراوه‌ی كوردستان24 و به‌شێك له‌ پرسیار و وه‌ڵامی پلاتفۆرمه‌كه‌
محه‌مه‌دی حاجی كه‌ریم، به‌ڕێوبه‌ری گشتیی دامه‌زراوه‌ی كوردستان24 و به‌شێك له‌ پرسیار و وه‌ڵامه‌كان

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌، به‌ هۆی بڕیاری داخستی نووسینگه‌كانه‌وه‌، ناتوانین دەستمان بە هەواڵە زیندووەكانی ئەو ناوچانە بگات. بەمەش تاڕادەیەك ئه‌و رووداوانه‌ی، لە ناوچە جیاوازەكانی باكوور و رۆژهەڵاتی سووریا روودەدەن، بە شاراوەیی دەمێننەوە.

سه‌باره‌ت به‌ كاردانه‌وه‌كانی ئه‌و بڕیاره‌ و پشتیوانی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی بۆ كوردستان24، به‌ڕێوبه‌ری گشتیی دامه‌زراوه‌ی كوردستان24 سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ راكێشاوه‌، كه‌ "كاردانەوەكان تا ئاستێكی باش بەدیكران، فدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی جیهانی، پەیامنێرانی بێسنوور، سەندیكاكانی رۆژنامەنووسان لە هەرێمی كوردستان و سووریا و تۆڕی رۆژنامەنووسان لە سووریا و سەنتەری میترۆ و چەندین رێكخراوی دیكەی تایبەتمەند بە ئازادی كاری رۆژنامەنووسی و داكۆكیكار لە ئازادی و ژمارەیەكی زۆر لە میدیاكار و كەسایەتی ئەكادیمی و سیاسی لە چەندین وڵاتی جیاواز، هاتوونەتە دەنگ و پشتوانی خۆیان بۆ كارەكانمان دەربڕیووە و پرۆتستۆی دەسەڵاتی خۆسەری باكوور و رۆژئاوای سووریایان كردووە".

لۆگۆی كوردستان24
لۆگۆی كوردستان24

له‌ باره‌ی ره‌وشی په‌یامنێرانی كوردستان24، له‌ رۆژئاوا، به‌ڕێوبه‌ری كوردستان24، ئاشكرای كردووه‌، ئه‌وان ئێستا ناتوانن هیچ كارێكی میدیایی بكەن و لەژێر چاودێری دەزگاکانی ئاسایشن.

له‌ كۆتاییدا، به‌ڕێوبه‌ری كوردستان24 داوای كردووه‌، ده‌سه‌ڵاتی خۆبه‌ڕێوبه‌ری باكوور و رۆژهەڵاتی سووریا، پێداچوونه‌وه‌ به‌و بڕیاره‌یان بكه‌ن و بڕیاره‌كه‌ی به‌ "حزبی و نادیموكراتی" وه‌سفكردووه‌.

ناساندنی كوردستان24

- دامەزراوەی كوردستان24 بۆ توێژینەوە و راگەیاندن لە 31/10/2015 وەك دەزگایەكی میدیایی دەستی بەكار كردووە.

- كوردستان24 پەرەنسیپی هاوسەنگی و بابەتیبوون و بەرپرسیاریەتی لە رووماڵ و بەدواداچوونە رۆژنامەوانییەكان پەیڕو دەكات و بە گوێرەی ستانداردە باوەكانی میدیایی و ئیتیكی رۆژنامەوانی كار دەكات.

كوردستان24 به‌ زمانی جیاواز رووماڵی پرسه‌ ناوچه‌یی و جیهانییه‌كان ده‌كات
كوردستان24 به‌ زمانی جیاواز رووماڵی پرسه‌ ناوچه‌یی و جیهانییه‌كان ده‌كات

- دامەزراوەی كوردستان24 پێكدێت لە:

- كەناڵی تەلەڤزیۆن.

- رادیۆی كوردستان24.

- وێبسایت بە زمانەكانی كوردی (سۆرانی – كرمانجی)، ئینگلیزی، عەرەبی، توركی و فارسی.

- سەنتەری توێژینەوە و راپرسی.

- بنكەی سەرەكی كوردستان24 لە هەولێرە و ئۆفیسی لە شارەكانی هەرێمی كوردستان، عێراق، توركیا، چەندین وڵاتی ئەروپا، رووسیا، ئەمەریكا هەیە.