تا سێ هه‌فته‌ی دیكه دانوستانه‌كانی ئاشتی سوریا له جنێف ده‌ستپێناكاته‌وه
ستیڤان دیمیستۆرا نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ سوریا له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا كه ڕۆژی پێنج شه‌ممه بڵاویكردووه‌ته‌وه،ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گه‌ڕێگی دیكه‌ی دانوستانه‌كانی ئاشتی نێوان لایه‌نه ناكۆكه‌كانی سوریای تا دوو سێ هه‌فته‌ی دیكه به‌دوور زانیووه"هه‌رچه‌نده له‌وباره‌وه نزیكه‌ی سێ كاتژمێر له ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی گفتوگۆ كراوه.
دێمیستۆرا له‌به‌یاننامه‌كه‌یدا خواستی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانوستانه‌كان له‌نزیكترین كاتدا خستوه‌ته‌ڕوو،به‌ڵام به‌دووریزانی له ماوه‌ی دوو تا سێ هه‌فته‌ی دیكه‌دا به‌ئه‌نجام بگات.
له‌هه‌مانكاتدا له‌به‌یاننامه‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه كراوه‌ته‌وه كاربۆ ڕاگرتنی توندوتیژی و گه‌یاندنی هاوكارییه مرۆییه‌كان ده‌كرێت تا له‌سه‌ر زه‌وی باشتر ڕه‌نگبداته‌وه،هه‌روه‌ها نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامدایه له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی سوریا و ئه‌ندامانی گروپی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پاڵپشتی سوریا،تا واده‌یه‌كی گونجاو بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گه‌ڕێكی دیكه‌ی دانوستانه‌كان دیاری بكرێت.
هه‌رچه‌نده له‌مانگی شوباتی ڕابردوودا ڕاگرتنی شه‌ڕ و توندوتیژی له‌به‌شێك له‌ناوچه‌كانی سوریا به‌نێوه‌ندگیری ئه‌مریكا و ڕووسیا ڕاگه‌یه‌نرا،به‌ڵام دوای چه‌ند هه‌فته له‌لایه‌ن حكومه‌تی سوریاوه له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م گه‌وره‌ترین كاروانی هاوكاری مرۆیی بۆ خه‌ڵكی سڤیل دانرا و گوێ به داواكاریی به‌ره‌ده‌وامی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان نه‌درا تا هاوكارییه‌كان بگه‌یه‌نرێته خه‌ڵكی برسی ئه‌و شار و ناوچانه‌ی گه‌مارۆدرابوون.