له ماوهی دوو ههفتهدا دوو خوشک بە کۆرۆنا گیانیان لهدهستدا
K24 – ڕانیە:
ئامارەکانی مردن و تووشبوون بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵی رابردوو بە ئاستێکی باش کەمی کردووە، بەڵام هێشتان کەسانێک هەن لە ناو نەخۆشخانەکانی تایبەت بە چارەسەری توشبووانی کۆرۆنادان کە هەناسەسواری شەکەتی کردوون و شەوان بە ئازاری ماسوولکەکانەوە رۆژ دەکەنەوە و خەو لە چاوانیان زڕاوە.
چیرۆكی تووشبوون و مردنی دوو خوشك له رانیه، بووهته باسی نێوخهڵكی، ئهوانیش ههر یهكه له گەلاوێژ و ناجیەن، ئهوان دوو مامۆستای دڵسۆز و ناسراوی شاری ڕانیە بوون، ئەو دوو خوشکە لە ماوەی تەنها دوو هەفتە بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا.
عەبدوڵڵا کە برای مامۆستایان ناجیە و گەلاوێژە، پێش شەش مانگ بە کۆرۆنا گیانی لە دەست داوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو خێزانە هێشتا تووشبووی دیکەیان هەیە کە لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن.
برازایهكی عەبدوڵڵا دەڵێت: "مامم دوای مانەوەی 17 بۆ 18 رۆژ لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستدا، دواتر 10 بۆ 12 رۆژێک پێش ئێستا پورە گەلاوێژم بە هەمان شێوە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو 3 بۆ 4 رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە ئەویش بە هەمان شێوە کۆچی دوای کرد، هەر لەگەڵ پوورە گەلاوێژم پوورە ناجیەشم کە لەگەڵ ئەو دەژیا، بوو بە هەڵگری ڤایرۆسەکە و دوای 9 رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستدا".
تا ئێستا زیاتر 185 ملیۆن كهس له سهرتاسهری جیهان تووشی كۆرۆنا بوونه و مردنیش به پهتاكه 4 ملیۆنی تێپهڕاندووه، رێکخراوی تەندروستی جیهانیش دەڵێت: "بۆ ئهوهی مەترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەر وڵات و کۆمەڵگایەك کەمبێتەوە، پێویستە 85٪ی خەڵکەکەی ڤاكسینی وهرگرتبێت".
بهڕێوهبهرایهتی خۆپاراستنی تەندروستی راپەرین رایدهگهیهنێت، تاکو ئێستا مەترسییەکانی کۆرۆنا ماوە، نەخۆش ههیه حاڵەتی مەترسیداره، بۆیه گرتنهبهری رێکارهكانی خۆپارێزی پێویستە بەردەوام بێت".
لەناو نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا لە سنووری راپەرین 264 نەخۆش گیانیان لە دەستداوه، ژمارەی مردن به پهتاكه لهو سنووره، نزیکە لە دوو هێندهیه، چونکە ئەو تووشبووانەی بەهۆی خراپبوونی تەندروستیانەوە لە نەخۆشخانەی ڕاپەرینەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی و هەولێر دەکرێن و لەوێ گیان لە دەستدەدەن بۆیه لە تەندروستی ڕاپەرین تۆمار ناکرێن.
س. ی