25 هەزار خێزانی عەرەب ‌هێنراونەتە کەرکووک

لە دوای 16ی ئۆکتۆبەر پرۆسەی تەعریبکردن دەستیپێکردووەتەوە
تەعریبکردنی ناوچە کوردستانییەکان
تەعریبکردنی ناوچە کوردستانییەکان

K24 - کەرکووک

بەگوێرەی ئامارەکان، لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە 25 هەزار خێزانی عەرەب بە مەبەستی تەعریبکردنی ناوچە کوردستانییەکان هاتوونەتە کەرکووک.

بەپێی ئامارێکی بەشی راگەیاندنی ئاسایشی کەرکووک کە دەست کوردستان24 کەوتووە، لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، تاوەکو سەرەتای ساڵی 2021 لە سنووری پارێزگای کەرکووک 25 هەزار خێزانی عەرەب بە مەبەستی تەعریبکردنی ناوچە کوردستانییەکان هاتوونەتە کەرکووک، سەرجەم خێزانەکانیش کارتی نیشتەجێبوونیان بۆ کراوە و فۆڕمی خۆراکیشیان گواستراوەتەوە پارێزگای کەرکووک.

وەک لە ئامارەکەی بەشی راگەیاندنی ئاسایشی کەرکووک ئاماژەی پێکراوە، لەو ماوەیەدا 120 پۆستی ئەو پارێزگایە لە کورد سەندراوەتەوە و دراوە بە عەرەب و تورکمان.

لەلایەکی دیکەوە بەپێی زانیارییەکانی کوردستان 24 لە کۆی 2 ملیۆن و 50 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی کەرکووک، یەك ملیۆن و 200 هەزار دۆنم زەوی لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە کێشەی لەسەرە، تاوەکو ئێستاش عەرەبی هاوردە لە رێگای دادگاوە 10 هەزار دۆنم زەوی لە سنووری داقوق، لەیلان، دووبز و سەرگەڕان داگیرکردووە.