روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی داراییه‌وه‌

ئه‌وانه‌ی به‌ بێ مۆڵه‌تی خوێندن له‌ ده‌ره‌وه‌ بڕوانامه‌یان هێناوه‌، لێكەوتە داراییەكانی هەمواركردنی بڕوانامەكانیان هەڵدەوەشێتەوە.
تابڵۆی باڵه‌خانه‌ی وه‌زاره‌ت
تابڵۆی باڵه‌خانه‌ی وه‌زاره‌ت

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ ده‌ركردنی گشتاندنێكی له‌ باره‌ی جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازییه‌وه‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌، وه‌زاره‌ته‌كه‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هیچ بڕوانامه‌یه‌كی نییه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی به‌ بێ مۆڵه‌تی خوێندن له‌ ده‌ره‌وه‌ بڕوانامه‌یان هێناوه‌، لێكەوتە داراییەكانی هەمواركردنی بڕوانامەكانیان هەڵدەوەشێتەوە.

ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌

روونكردنەوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابوریییەوە(وەزارەتی دارایی بە پێی یاسا دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی هیچ جۆرە بڕوانامەیەكی نییە)

پاڵپشت بە یاسای چاكسازی و لە موچە و دەڕماڵە بە ژمارە (2) ساڵی 2020 و بە نوسراوی (ئه‌نجوومه‌نی وەزیران- سەرۆكایەتی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وەزیران) بە ژمارە (2874) كە رۆژی 7/3/2021 ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری كردووە باس لە چاوخشاندن بەسەرجەم مووچە و دەرماڵەی  بەخشین و ئیمتیازاتەكانی فەرمانبەران دەكات، بەو پێیە وەزارەتی دارایی و ئابووری بە گشتاندنی ژمارە (7)  بۆ گشت وەزارەت و فەرمانگەكانی نەبەستراو بە وەزارەت گشتاندنی دەركردووە هەر بۆیە دەمانەوێت ئەم روونكردنەوەیە بڵاو بكەینەوە:

 1- گشتاندنەكە ئەو فەرمانبەرانە دەگرێتەوە، كە خوێندنی بەیانیانیان لە دەرەوەی وڵات بە بێ مۆڵەتی خوێندن بە دەر لە یاسا و رێنمایە بەركارەكان بڕوانامەیان بە دەست هێناوە.

2- هەموار كردنەوەی بڕوانامەی ئەوانەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێداوە لێكەوتە داراییەكانی هەمواركردنی بڕوانامەكانیان هەڵدەوەشێتەوە.

3-  وەزارەتی دارایی و ئابووری دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی هیچ بڕوانامەیەكی نییە.

4- لە رۆژانی  داهاتوو روونكردنەوەی یاسایی تایبەت بەو بڕیارە لە ئه‌نجوومه‌نی وەزیرانەوە بە فەرمی دەردەچێت.