سه‌رۆكی پێشووی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی له عێراق چه‌ند نهێنییه‌كی هه‌ستیاری گه‌نده‌ڵی ئاشكرا ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
ره‌حیم عگێلی، سه‌رۆكی پێشووی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی له عێراق له‌باره‌ی دۆخی خزمه‌تگوزاری له پارێزگاكانی عێراق دووپاتیكرده‌وه، ئه‌وه‌ی راستی بێت، جگه له هه‌رێمی كوردستان، ته‌واوی ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق له خزمه‌تگوزاری بێبه‌شن، به‌تایبه‌ت پارێزگای به‌سره، كه كێشه‌ی زۆری هه‌یه و خراپی ئیداره‌دان و گه‌نده‌ڵه‌ییه‌كی به‌رفراوانی تێدایه.
ئه‌م گوتانه‌ی سه‌رۆكی پێشووی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی له عێراق له كاتی به‌شداریكردنی له ژووری هه‌واڵی كوردستان24ـدا هاتوون و جه‌ختی كرده‌وه، دۆخی پارێزگای به‌سره هێشتا له‌سه‌رده‌می رژێمی پێشووی عێراق له ئه‌مڕۆ باشتر بوو، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه، كه له به‌غدا حزبه‌كان ده‌ستیان به‌سه‌ر بڕیاره‌كانی حكومه‌تدا گرتووه و كار بۆ خزمه‌تكردنی خه‌ڵك ناكه‌ن، به‌ڵكو كار ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی قه‌باره‌ی دزین زیاتر بكه‌ن، بۆیه زۆربه‌ی ئه‌و پاره‌ی بۆ به‌سره و پارێزگاكانی دیكه‌ی باشووری عێراق به‌گشتی ته‌رخان كراوه، هه‌ر له رێگه‌ی دزی و گه‌نده‌ڵییه‌وه به‌هه‌ده‌ر دراوه و هیچ سوودێكی بۆ هاووڵاتیان نه‌بووه.
گوتیشی: پارێزگای به‌سره به‌ده‌ست نه‌بوونی چه‌ندین خزمه‌تگوزاری وه‌ك ئاو و كاره‌باوه ده‌ناڵێنێت، له‌كاتێكدا پله‌كانی گه‌رما به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو و بۆ سه‌رووی 50 پله‌ی سیلیزی به‌رزبوونه‌ته‌وه، بۆیه لێره‌وه ده‌یڵێم: به‌داخه‌وه كه هیچ چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌و كێشانه‌ی له‌ئارادان به‌دی ناكرێت، چونكه سیسته‌می سیاسی له عێراق له‌ڕووی چاكسازییه‌وه ده‌سته‌وه‌ستانه و له دزین و گه‌نده‌ڵیش به‌رده‌وامه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان دڵسۆزییان بۆ گه‌ل نییه و دڵسۆزییان بۆ گیرفانی خۆیان و ئه‌جێندا ده‌ره‌كییه‌كانه.
ئاشكراشیكرد، ئه‌وانه‌ی باڵاده‌ستن، به ده‌نگی گه‌ل نه‌گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و پۆست و پلانه، به‌ڵكو به پشتیوانی وڵاتێكی هه‌رێمی گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و ده‌سه‌ڵاته و به گه‌نده‌ڵی ئه‌و هه‌موو پاره‌یان ده‌ستكه‌وتووه و وێڕای ئه‌و ترسه‌ی به‌هۆی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه لێیان نیشتبوو، ئێستا دووباره گه‌ڕاونه‌ته‌وه سه‌ر گه‌نده‌ڵی و دزیكردن.
سه‌باره‌ت به قه‌باره‌ی گه‌نده‌ڵی له عێراق، عگێلی جه‌ختی كرده‌وه، ژماره‌یه‌كی وردم لا نییه، به‌ڵام به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌به‌رده‌ستماندایه و له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و دۆسییانه‌ی لێیان وردبووینه‌ته‌وه، دوو پۆلێنكاری له گه‌نده‌ڵیدا هه‌یه، یه‌كێكیان له بودجه‌یه و ئه‌وی دیكه‌شیان له ده‌ره‌وه‌ی بودجه خه‌رج ده‌كرێت یان ده‌دزرێت، كه خۆی له موڵك و ماڵی ده‌وڵه‌ت و داهاته‌كانی سامانی نه‌وتدا ده‌بینێته‌وه و ده‌توانین بڵێین: نیوه‌ی سامانی وڵات له‌رێگه‌ی گه‌نده‌ڵی و دزینه‌وه به‌هه‌ده‌ر ده‌درێت و له ساڵی 2003ـیه‌وه تا ئیستا 600 ملیار دۆلار له‌چوارچێوه‌ی بودجه‌دا دزراوه 600 ملیاری دیكه‌ش له ده‌ره‌وه‌ی بودجه‌دا له داهاتی كه‌رته جیاوازه‌كان دزراوه، به‌ڵام من له‌و باوه‌ڕه‌دام ژماره‌ی راسته‌قینه زۆر له‌و ژماره‌یه‌ش زیاتره.
هه‌روه‌ها گوتی: لێكۆڵینه‌وه له دۆسییه‌كانی گه‌نده‌ڵی په‌یوه‌سته به توانای سیسته‌می سیاسی و به‌ڕێوه‌بردن و دامه‌زراوه‌كانی چاودێری و په‌یوه‌ندیداره‌كان و دادگا، كه ده‌بێت رۆڵی خۆیان له‌وباره‌یه‌وه بگێڕن، وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، لایه‌نه سیاسییه‌كانیش له‌وه‌دا له دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵی توه‌گلاون، كه پارێزگاری له گه‌نده‌ڵكاران ده‌كه‌ن و كاتێك په‌نجه‌ی گه‌نده‌ڵی بۆ كه‌سێكیان درێژ ده‌كرێت، ئه‌وان پارێزگاری لێ ده‌كه‌ن و سوود له پارێزبه‌ندی سیاسی وه‌رده‌گرن.
ئاشكراشیكرد، ئه‌وانه‌ی داهاتی ده‌وڵه‌ت ده‌دزن، ته‌نیا بۆ گیرفانی خۆیان نییه، به‌ڵكو به‌شی گرووپه میلیشیاكان و وڵاتانی دیكه‌ش له‌و پاره‌یه ده‌ده‌ن، له‌و رێگه‌یه‌وه بڕێكی زۆری داهاتی ئه‌م وڵاته براوه‌ته ده‌ره‌وه و پێشتریش چه‌ندین جار به‌شێك له به‌رپرسان ئه‌و راستییه‌یان دركاندووه، كه به‌پاره‌ی عێراق گرووپه تیرۆرستییه‌كان و میلیشیاكان و ته‌نانه‌ت وڵاتانی ناوچه‌كه‌ش پاره‌دار كراون.