سامان بەرزنجی: ڕێژەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا زیادبووە تکایە بەهەندی وەربگرن

پێداویستی دەستنیشانکردنی ڤایرۆسی کۆڕۆنای ناسراو بە (زنجیرەی دێڵتا) لە هەرێمی کوردستان دابینکرا
د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی
د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی

K24  - هه‌ولێر:

لە بەیاننامەیەکدا، دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، پێداویستی دەستنیشانکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنای ناسراو بە (زنجیرەی دێڵتا) لە هەرێمی کوردستان دابینکرا.

رونیشیکردەوە، پڕۆسەی پێدانی ڤاکسین، پێشووەچوونی بەخۆوە بینیوە، زیاتر لە (399) هەزار ژەمەڤاکسینی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەلایەن دانیشتوانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە، لەوانە زیاتر لە (255) هەزار هاووڵاتی، کە دەکاتە ڕێژەی لەسەدا (7.8%)ی ژەمی یەکەم، زیاتر لە (144) هەزار هاووڵاتی، کە دەکاتە ڕێژەی لەسەدا (4.4%)، ژەمی دووەمی ڤاکسینی دژەڤایرۆسی کۆرۆنای وەرگرتووە.

وەزیری تەندروستی، راشیگەیاند، بۆیەکەمجارە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی، پێداویستی تایبەت بە دەستنیشانکردنی زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنای ناسراو بە (زنجیرەی دێڵتا) لە هەرێمی کوردستان دابینکرا.

لەبارەی پێشبینی هەڵکشانی سێیەم و ئەگەر و گومانی بڵاوبوونەوەی جۆر و زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ناسراو بە (زنجیرەی دێڵتا)،  وەزیری تەندروستی، روونیکردەوە: بەداخەوە جارێکی دیکە ژمارە و ڕێژەی تووشبووان و نووستن لە نەخۆشخانەکان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیادبووە و دووهێندی هەفتەکانی پێشووە، تکایە بەهەندی وەربگرن و ڕێکاری خۆپارێزی بگرنە بەر بە لەبەرکردنی ماسک و دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی و قەرەباڵغی، ئاگاداری خۆتان و خانەوادە و منداڵەکانتان بن، با هەموومان هاوکار و پاڵپشت بین و ڕێگە بگرین لە هەڵکشانی توندی نەخۆشیەکە و کوردستانمان بپارێزین. 

ک.ب