هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردن ده‌ستیپێكرد
پاڵپشت به حوكمى ماده‌ى 22 له یاساى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و بڕیارى ژماره (5)ى كۆنووسى ئاسایی ژماره (46) له رێكه‌وتى 8/7/2021 ى ئه‌نجوومه‌نى كۆمسیاران له كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق، بوار درا به‌و پاڵێوراوانه‌ى، كه ناوه‌كانیان له لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نى كۆمسیارانه‌وه په‌سند كراوه، ده‌ست بكه‌ن به ئه‌نجامدانى هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردن له رۆژى 8/7/2021 ه‌وه تاوه‌كو كاژێر (6)ى به‌ره‌به‌یانى رۆژى پێنچ شه‌ممه رێكه‌وتى 7/10/2021، ته‌واوى كاندیدان پێویسته پابه‌ند بن به رێكاره‌كانى هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردن كه گرنگترین خاڵه‌كانى ناواخنى ئه‌م رێكارنه جه‌خت له سه‌ر ئه‌م خاڵانه ده‌كاته‌وه:
* نابێت ماده‌ى لاسیق(المواد اللاصقه) له هه‌ڵواسینى وێنه‌و رێكلامه‌كان به‌كار بێـت.
* نابێت نوسین راسته‌وخۆ له سه‌ر دیوار بنوسرێت.
* بڵاوكردنه‌وه‌ى هه‌ر رێكلامێك، به‌رنامه‌یه‌كى هه‌ڵبژاردن یان وێنه‌ى كاندیدان قه‌ده‌غه‌یه ئه‌گه‌ر ماوه‌ى نێوانیان له‌گه‌ڵ وێستگه‌كانى ده‌نگدان كه‌متر بێت.
* نابێت هیچ ئامرازێك له ئامرازه‌كانى تایبه‌ت به راگه‌یاندنى كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردن به مه‌به‌ستى رێكلامكردن به كار بێت .
* نابێت بینایه و باڵه‌خانه گشتییه‌كان و دامه‌زراوه حكومییه جۆراوجۆره‌كان و شوێنى خودا په‌رستى به‌كار بهێنرێن به مه‌به‌ستى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن یان چالاكییه‌كانى هه‌ڵبژاردن.
* نابێت دروشمى فه‌رمى ده‌وڵه‌ت له كۆبوونه‌وه‌كان و راگه‌یاندراوه‌كان و بڵاوكراوه‌كانى هه‌ڵبژاردن به كاربێن.
* ناشێت بۆ فه‌رمانبه‌رانى ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاته ناوه‌خۆییه‌كان پێگه‌و ده‌سه‌ڵاتیان یان كه‌ل و په‌ل و ئامێره‌كانى ده‌وڵه‌ت به كار بێنن بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان یان هه‌ر كاندیدێكى تر.
* زۆركردن و فشار خستنه سه‌ر ده‌نگده‌ر به هه‌موو شێوه‌یه‌ك قه‌ده‌غه و رێگه پێ نه‌دراوه .
* به‌ڵێندان و به‌خشینى ده‌سكه‌وتى ماددى له به‌رامبه‌ر ده‌نگدان و كاریگه‌رى دروستكردن بۆ سه‌ر ئه‌نجامه‌كانى ده‌نگدان قه‌ده‌غه‌یه.
* نابێت پارت و هاوپه‌یمانێتیه سیاسییه‌كان یان كاندیدیان به‌یانى ساخته و ناڕاست و ته‌شهیر ده‌ربكه‌ن.
* نابێت هیچ په‌یامێك ناوه‌ڕۆكى توندوتیژى و رق و نه‌ته‌وه په‌رستى و توند‌و تیژى ئایینى و تائیفه‌گه‌رى و هۆزایه‌تى هه‌رێمایه‌تى له خۆ بگرێت چ له چوارچێوه‌ى وێنه،دروشم، وتار یان ئامرازه جۆراوجۆره‌كانى راگه‌یاندن بێت.
* نابێت هیچ كاندیدێك یان كارمه‌ندانى دام و ده‌زگاكانى ده‌وڵه‌ت وئه‌ندامانى ده‌سه‌ڵاته‌ناوه‌خۆییه‌كان له رۆژى ده‌نگداندا هه‌ڵسن به بانگه‌شه‌ى راگه‌یاندن .
* ده‌ستدرێژى كردنه سه‌ر هه‌ر بانگه‌شه‌یه‌كى هه‌ڵبژاردن قه‌ده‌غه‌یه تایبه‌ته به (پارت ، هاوپه‌یمانێتى و كاندیدان).
* نابێت بانگه‌شه یان به‌رنامه‌ى هه‌ڵبژاردن یاخود وێنه‌ى كه‌سێك بڵاو بكرێته‌وه كه ناوى له لیستى پاڵێوراوه په‌سندكراوه‌كاندا نه‌بێت.
* قه‌ده‌غه‌یه هه‌ر پاڵێوراوێك وێنه‌ى سه‌ركرده‌ی حزبێك یان هاوپه‌یمانێتیه‌ك به كار بێنێت كه سه‌ر به ئه‌و نه‌بێت یان له چوارچێوه‌ى لیستى هه‌ڵبژاردنى ئه‌و سه‌ركرده‌یه.