گەنجێکی رۆژئاوای كوردستان لە رووباری گەلی خنکا

ئەو گەنجە بە مەبەستی مەلەوانی چووەتە ناو رووبار دواتر خنکاوە لەلایەن تیمی مەلەوانی بەرگری شارستانی سۆرانەوە تەرمەکە دۆزراوەتەوە
تەرمی گەنجەکە
تەرمی گەنجەکە

K24 – هه‌ولێر:

گەنجێکی رۆژئاوای كوردستان لە رووباری گەلی خنکا، تەرمەکەی لەلایەن تیمەکانی مەلەوانی بەرگری شارستانی سۆران دۆزرایەوە.

رائد بەیار باڵەکی، گوتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران، بە کوردستان 24ی راگەیاند، گەنجێکی رۆژئاوای کوردستان، بە ناوی جەلال ئیبۆ محەمەد، تەمەن (20) ساڵ، دانیشتووی کۆمەڵگەی شاوەیسی هەولێر، کە لەگەڵ هاوڕێکانی بۆ گەشت و سەیران هاتبوونە ناوچەکە، لە رووباری گەلی خنکا.

راشیگەیاند، ئەو گەنجە بە مەبەستی مەلەوانی چووەتە ناو رووبار، دواتر خنکاوە، لەلایەن تیمی مەلەوانی بەرگری شارستانی سۆرانەوە تەرمەکە دۆزراوەتەوە و لە رووبار دەرهێنراوە و رەوانەی پزیشکی دادی دەکرێت.

ئاشکراشیکرد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەوە هەشتەمین حاڵەتی خنکانە لە سنوورەکە تۆمار بکرێ، بە هەر چوار قەزای سۆران، چۆمان، رواندز و مێرگەسۆر.

ک.ب