سووریا.. میلیشیاكان خه‌ریكى دانانى سه‌كۆی مووشه‌كن
K24 – هه‌ولێر:
ناوچه سنوورییه‌كانى نێوان عێراق و سووریا گرژی تێكه‌وتووه به‌هۆی بۆردوومانكردنى بنكه‌كانى میلیشیاكانى هاوپه‌یمان له‌گه‌ڵ ئێران، سه‌رچاوه میدییاییه‌كان رایانگه‌یاند، میلیشیاكان له رۆژئاواى فوراته‌وه ده‌ستیانكردووه به جوڵه و خۆئاماده‌كردن.
روانگه‌ى سووری بۆ مافه‌كانى مرۆڤ بڵاویكرده‌وه، میلیشیاكانى نزیك له ئێران، خه‌ریكى دانانى سه‌كۆی مووشه‌كن به ئاڕاسته‌ى رۆژهه‌ڵاتى دێره‌زوور و ناوچه‌كانی ژێرده‌سه‌ڵاتی په‌یه‌ده و هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى له رۆژهه‌ڵاتى فورات.
ئه‌و سه‌رچاوه راشیگه‌یاند، میلیشیاكان چه‌ندین مووشه‌كی دروستكراوى ئێرانیان به ئاڕاسته‌ى (ته‌ل به‌تین) و ناوچه‌ى مه‌یادین داناوه.
روونیشیكرده‌وه، ئه‌م جموجۆڵانه له چوارچێوه‌ى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌کانی نێوانى تاران و واشنتنه، كه چه‌ندین جاره هه‌ردوولا له ناوچە جیاوازەکانی عێراق و سووریا، له رێگه‌ى مووشه‌ك و بۆردوومانى فڕۆكه‌وانى و فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه، هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر یه‌كتری.
سەرچاوە: ئیلاف
ک.ب