لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم پڕۆژەی دووسایدی رانیە – دوکان دەستیپێکردەوە

لە دوو ساڵی کارکردنی کابینەی نۆیەم چەندین پڕۆژەی رێگاوبان ئەنجامدراون
kurdistan24.net

K24 - رانیە

لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی رێگاوبان بڕیاریان لێدراوە، بەشێک لە پڕۆژە وەستاوەکانیش بودجەیان بۆ تەرخان کراوە و دەست بە کارکردن تیایاندا کراوەتەوە.

رێگای دوو سایدی رانیە – دوکان، یەکێک لەو پڕۆژە گرنگانەی کە بودجەی تایبەتی بۆ تەواوکردنی تەرخان کرا. قۆناغی یەکەمی رێگاکە لە 90٪ و قۆناغی دووەم 43٪ی تەواو بووە و ئێستا کاری تیادا دەکرێت. بە تەواوکردنی رێگاکە، بەدرێژایی 127 کیلۆمەتر ئیدارەی راپەڕین و سەنتەری پارێزگای سلێمانی دەبێتە رێگای دووساید.

پڕۆژەکە لە ساڵی 2012، بەردی بناغەی دانراوە، بەڵام کارکردن تێیدا وەستابوو، لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2019 پڕۆژەکە دەستی پێکردەوە، لە هەندێک شوێن هەردوو سایدی رێگاکە تەواو بووە. قۆناغی دووەمی پڕۆژەکە لە هیزۆپ بۆ دوکانە، دەستیپێکردووە.

پڕۆژەکە بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەکرێت، قۆناغی یەکەم لە چوارقوڕنە تا هێزۆپ کە 90٪ی کارەکانی تەواو بووە، قۆناغی دووەم تا دەگاتە خەلەکان و 40٪ی کارەکانی تەواو بووە و گوژمەی نزیکەی  100 ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە.

بەهرۆز محەمەد، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە بە کوردستان24ی گوت: "رێگاکە پێکدێت لە دووساید، کە نۆژەنکردنەوەی رێگا کۆنەکە و دروستکردنی سایدێکی تازەیە، بە درێژی 25 کیلۆمەتر، کە قیڕکردنی هەردوو سایدەکەیە هەوەها دروستکردنی هەردوو پردی بێستانە و باداوان، هاوکات دروستکردنی چەندین ئاوبارەی سندوقی، کە بە کوالێتیەکی زۆر باش جێبەجێ دەکرێت و هەموو بڕگەکانی پشکنینی تایبەتی بۆ قیڕ و تێکەڵ و کۆنکرێتەکانی دەکرێت".

رێگای چوارقوڕنە - دوکان، رێگایەکی تاک سایدە و هاتووچۆی زۆری لەسەرە. ساڵی 2019 لەگەڵ دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکە، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە رێگا کۆنەکەی نۆژەنکردەوە. گوتەبێژی هاتووچۆی راپەڕین دەڵێ، پڕۆژەکە گرنگە و کاریگەری زۆری دەبێ کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ.

لەوبارەوە نەقیب عەلی عەبدوڵڵا، گوتەبێژی هاتووچۆی راپەڕین رایگەیاند: "رووداوەکانی دەرەوەی شار رووداوی قورسن، بۆیە ئەم شەقامە ئەگەر بکرێت بە دوو سایدی دوو ئاراستە، بێگومان رووداوی هاتووچۆ کەمدەبێتەوە، چونکە یەکێک لە هۆکارەکانی رووداوی هاتووچۆ خراپی رێگاوبان و شەقامەکانە".

قۆناغی یەکەی پڕۆژەی رێگای رانیە – دوکان، بە درێژی 18 کیلۆمەترە، ئەگەرچی هێماکانی هاتووچۆ و چەند پێویستیەکی ماوە جێبەجێ بکرێت، بەڵام وەک کارئاسانی بۆ شۆفێران کراوەتەوە .

بەتەواوکردنی ئەو پڕۆژەیە، جگە لەوەی سوودی گەورەی بۆ هاتووچۆی نێوان هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی دەبێ، هاوکات ئیدارەی راپەڕین بە رێگای دوو ساید و بەدرێژی 127کیلۆمەتر بە سەنتەری پارێزگای سلێمانی دەبەستێتەوە.