پێکهاتەکان بە گرنگییەوە لە کارکردنی کابینەی نۆیەمی حکومەت دەڕوانن

کابینەی نۆیەم گرنگی زۆری بە مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان داوە
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

جیاکردنەوەی دۆسیەی پێکهاتەکان، یەکێک بوو لە خواستە سەرەکییەکانی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی هەرێمی کوردستان، کابینەی نۆیەم ئەم خواستەی ئەوانی بەدیهێنا بە دەسنیشانکردنی وەزیرێکی هەرێم تایبەت بە پێکهاتەکان، ئەم وەزارەتە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا وەک نوێنەری تەواوی پێکهاتەکان کار و چالاکییەکانی خۆی ئەنجامداوە.

ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان بە کوردستان24ی راگەیاند: "یەکێک لە کارە گرنگەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، جیاکردنەوەی مەلەفی پێکهاتەکان بوو، لە راستیدا ئەمە گرنگیدانە بە مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان، ئێستا رەوشی پێکهاتەکان و بەشداری پێکردنیان لە حکومەت لە ئاستێکی باشدایە، لە ماوەی دوو ساڵی کابینەی نۆیەم کاری باشکراوە و لەگەڵ نوێنەری هەموو پێکهاتەکان کۆبووبووینەتەوە".

وەزیری بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە پشکی پێکهاتەی تورکمانە، بەڵام کابینەی نۆیەم کریستیانەکانیشی لەبیر نەکرد، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی دا بە کریستیانەکان، ئەمەش لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو، بۆ بەشداری پێکردنی پێکهاتەکان لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن.

لەوبارەوە ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن دەڵێ: "یەکێک لە بنەماکانی کارکردنی کابینەی نۆیەم پاراستن و بەهێزکردنی پێکەوەژیانە لە هەرێمی کوردستان. لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت گوتی، من نوێنەری هەموو پێکهاتە و خەڵکی کوردستانم".

سەبارەت بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، گوتی: "لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، بە تەواوی پەیڕەوی یاسای چاکسازیمان کردووە لە بواری فەرمانبەران، هەموارکردنی گرێبەستەکان، فڕۆکەخانەکان، لە بواری گواستنەوە و گەیاندن بە گشتی، بەمەش چەندیدن ملیۆن دۆلار بۆ گەنجینەی حکومەت گەڕێندراوەتەوە".

پێکهاتەکان لە دەسەڵاتی یاسادانانیشدا، بەشداری راستەقینەیان هەیە، سکرتێری پەرلەمان لای پێکهاتەی تورکمانە، لە پەرلەمانیش 11 کورسی کۆتایان بۆ تەرخانکراوە. هەروەها پۆستی دەستەی سەرەخۆیی مافی مرۆڤیش لای کریستیانەکانە جگە لە چەندین بەڕێوەبەری گشتی بۆ پێکهاتەکانی دیکە.