وەزیری کار: کابینەی نۆیەمی حکومەت لەسەر بنەمای چاکسازی دامەزراوە

"لە دامودەزگاکان رۆتینمان نەهێشتووە"
kurdistan24.net

K24 - هەڵەبجە

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کابینەی نۆیەمی حکومەت لەسەر بنەمای چاکسازی دامەزراوە و ئەوانیش لە وەزارەتی کار ئەم پرۆسەیەیان دەستپێکردووە و رۆتینیان نەهیشتووە.

کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروبارئ کۆمەڵایەتی بە کوردستان24ی گوت: "کابینەی نۆیەم لەسەر بنەمای چاکسازی دامەزراوە، بۆیە گرنگترین شت کە لە وەزارەتەکەمان کردومانە کۆمەڵێک چاکسازییە".

گوتیشی: "لە شاری هەڵەبجەش لە بەڕیوەبەرایەتی گشتی وەزارەتەکەمان، دەستمان بە چاکسازی کردووە. هەموو کارەکانمان رێکخستووەتەوە و رۆتینمان نەهێشتووە، ئەمە زۆر گرنگە، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان رووبەڕووی کێشە و گرفت نەبنەوە".

وەرزیری کار، روونیکردەوە: "ئەوەی کە سەرەتا دەستمان پێکرد، مووچەی کەمئەندام و خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان و کورتە باڵاکان، کە لە بەڕێوەبەرایەتی وەردەگیرا، مووچەکەیان گوازرایەوە بۆ بانک، چونکە ئاسانکارییە و لە هەمانکاتدا رێگری لە گەندەڵی دەکرێت، بەداخەوە پێشتر 2 ملیار دینار دیار نەبوو، دواتر گێڕامانەوە بۆ گەنجینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان".

راشیگەیاند: "لە هەڵەبجە جگە لەوەی رۆتینمان نەهێشتووە، چاکسازیمان لە دامودەزگاکانی خۆمان کردووە، سەنتەرێکی راهێنانی پیشەییمان کردووەتەوە، کە لەوێ چەندین خول دەکرێنەوە، هەر ئەمڕۆش لە هەڵەبجە گرێبەستی دروستکردنی باڵەخانەی سەنتەری ئۆتیزم و راهێنانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لەگەڵ کۆمپانیایەک واژۆ کرد".