خوێندنەوەیەکی بنیاتی بۆ کێشەی دەسەڵات

Kurd24

دەسەڵات هەر لە بەرەبەیانی مێژووەوه‌ تا ئەمڕۆ، یەک لە هەرە پرسە ئاڵۆز و مەترسیدارەکانی ژیانی مرۆڤایەتییە و زۆرترین پانتایی ئیشکردنی بیرمەندانیش بووە، هەروەها یەكێك لە هەوڵە سەرەکییەکانی مرۆڤیش بووە بۆ گەیشتن و دۆزینەوەی باشترین شێوازی دەسەڵاتداری، هەموو شارستانییەکان بە کۆن و نوێوە لە گەڕاندا بووە بۆ چارەسەرێکی ئەم پرسە، تا دواجار شارستانییەتی رۆژئاوا بە هەردوو بزووتنەوەی رێنیسانس و رۆشنگەری، توانیان ئەم پرسە ئاڵۆزە لە رێی دیموکراسییەوە چارەسەر بکەن.

هەرچەندە دیموکراسی وەك میراتی هەموو مرۆڤایەتی لێکدەدرێتەوە، بەڵام زۆرتر رەگەکانی و گەشەکردنی بۆ یۆنانی کۆن دەگەڕێتەوە، بۆیە بە  بەشێك لە داهێنانی شارستانیەتی رۆژئاوا هه‌ژمار دەکرێت، تەنیا لەو وڵاتانەش بەشێوەیەکی باش پڕاکتیزە دەکرێت، کە سەر بەو شارستانییەتەن، باقی وڵاتانی دیكه‌ بە تایبەتی رۆژهەڵات نەیانتوانیوە ئەم پرسە چارەسەربکه‌ن، بەشێوەیەک کە ببێتە جێگای رەزامەندی و خۆشگوزەرانی خەڵکەکەی، یان گرووپێك یان کەسێك هەمووی بۆ بەرژەوەندی خۆیان قۆرخ دەکەن و خەڵك ملکەچی خۆیان دەکەن، یان دەبێتە فەوزا و بێ یاسایی و بێ ئاسایشی.

ئەوەی تا ئەم ساتە لە وڵاتانی رۆژهەڵات دەگوزەرێت ئەم دوو بژاردەیە، نەیانتوانیووە دیموکراسی وەک میکانیزمێک بۆ چارەسەی پرسی دەسەڵات بەکاربێنن. ئەوەی پەیوەستە بە ئێمەی کوردەوە، کە بەشێکین لە رۆژهەڵات و لە زۆربەی گەلانی ناوچەکەش دواکەوتووترین، بە حوکمی کۆمەڵێك هۆکار کە جێی ئەو باسەی ئێمە نییە، هەندێك جیاوازترە چونکە کورد دەوڵەت نییە، تا بێمنەت بێت و خۆی چۆنی ویست، وا دەسەڵات بەڕێوەببات، ناچارە بۆ ئەوەی مافەکانی و پاڵپشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدەستبهێنێت، هەرنەبێت دیموکراسیانە بیربکاتەوە، زۆر لە چاودێرانی سیاسی پیانوابوو لە پرسی دیموکراسیدا کورد جیاوازتر لە رۆژهەڵاتییەکان و کولتوورەکە خۆی هەنگاو دەنێت، چونکە بەرژەوەنییە نەتەوەییەکانی لێی دەخوازێت.

دوای سەرکەوتنی هێزی هاوپەیمانان لە جەنگی یەکەم و دووەم، دیموکراسی وەک چەمك گەیشتووه‌تە ناوچەکەی ئێمە، بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردیش وەک بەشێک لە چارەسەر بۆ کێشەکەی کردوویە بە ئامانج، لەگەڵ ئەو وڵاتانەی خاکەکەی داگیرکردووە. هەرچەندە لە سەدەی رابردوودا بە حوکمی باڵادەستی ئایدۆلۆژیای مارکسی لە رۆژهەڵات، کەمترین ئاوڕ لە دیموکراسی دراوەتەوە، چونکە مارکسیەت دژی دیموکراسییە و پێیوایە بەشێکە لە سیستەمی سەرمایەداری و دەبێت توڕ بدرێت.

دوای سەرکەوتنی بزووتنەوەی کوردایەتی لەو بەشەی کوردستانی عێراق، بەهۆی خەبات و قوربانیدانەکەی و پاڵپشتی ئەو وڵاتانەی کە بەر لە سەد ساڵ هەر خۆیان خاکەکەیان دابەش کردووە، هەرێمی کوردستان بۆ بەردەوامی خۆی و سەرنجڕاکێشانی ئەوان، واتە وڵاتانی رۆژئاوا لە نێویاندا ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، باشترین په‌یوه‌ندی لەگەڵ ئەم چەمکەدا کردووە، تا ئێستاشی لەگەڵ دابێت سەرەکیترین دروشمی هەموو حیزبەکانە،  بە جیاوازی ئایدۆلۆژیانەوە لەو پەڕی چەپ بۆ ئەو پەڕی راست لە ئیسلامیەکانە و بگرە تا پارێزگارەکان، هیچیان لە رووی تیۆرییەوە کێشەیان لەگەڵ دیموکراسی وەک چارەسەرێک بۆ پرسی یەکلاکردنەوەی دەسەڵات نییە، بەڵام لەسەر ئەرزی واقع ناتوانن خۆیان لە پێستی رۆژهەڵاتیانە دەربێنن و هەرکاتێك باو و بۆڕان دەستی پێکرد، دەچنەوە ناو فەرووە رۆژهەڵاتییەکەیان.

کورد بۆ دەستخستنەوەی ماف و خاکە دابەشکراوەکەی، لێی دەخوازرێت رێگەی دیموکراسی بگرێت، پێموایە رێگەیەکی نزیکتر و باشتر لەمەی نییە، چونکە کێشەی کورد تەنیا و تەنیا لە رێگەی پاڵپشتیکردنی وڵاتانی رۆژئاواوە نەبێت، ناتوانێت خۆی بەته‌نیا خاکە داگیرکراوەکەی دەست بکەوێتەوە و پرسەکەی چارەسەربکات، بۆ بەدەستهێانی پاڵپشتی ئەوانیش بۆ کێشەی کورد، جگە لە دیموکراسی رێگایەکی دیكه‌ی نییە، کە زامنی مانەوە و سەرکەوتنی هەموو بزووتنەوەی کوردایەتی لە هەموو پارچەکان بکات، ئایا کورد ئەم رێگه‌یە دەگرێت و بەردەوام دەبێت لەسەری، یان دەبێتەوە کوڕە رۆژهەڵاتییەکە، سیگناڵەکان خراپن.