"كابینه‌ی نۆیه‌م دوو راپۆرتی له‌سه‌ر چاكسازی ناردووه‌ته‌ په‌رله‌مان و راپۆرتی سێیه‌میش به‌م نزیكانه‌ ده‌نێرێت"

سەرجەم ماددەکانی یاسای چاکسازی لە جێبەجێکردندان

K24 - هه‌ولێر:

جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە مووچە، دەرماڵە، بەخشین، ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان، کە تێیدا بە وردی و شەفافی سەرجەم هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی سەبارەت بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی روونکراوەتەوە، بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو بۆ وەڵامدانەوەی خواست و داوای هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی چاکسازی.

تەمەنی کابینەی نۆیەم، دوو ساڵی تێپەڕاند، یەکێك لە کارنامە سەرەکییەکانی کابینەکە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازییه‌ لە مووچە، دەرماڵە، بەخشین، ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستانە ، یاساکە لە (151) لاپەڕە و (8) بەش پێکدێت، تێیدا بە وردی و شەفافی سەرجەم هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی روونکراوەتەوە، ئاستەنگی زۆری لە پێش بوو، بەڵام ئیرادەی سەرۆکی حکومەت لە ئاستەنگەکان گەورەتربوو، ئێستا سەرجەم ماددەکانی ئەو یاسایە لە جێبەجێکردندان دوو راپۆرتی لە پەرلەمانە، راپۆرتی سێیەمیش بەم نزیکانە دەنێردرێت، سکرتێری پەرلەمان ستایشی جێبەجێکردنی یاساکە دەکات.

مونا قەهوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان گوتی: "یاسای چاكسازی یه‌كێك بوو له‌ كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و په‌سه‌ند كرا، یاساكه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت و پڕۆسه‌كه‌ش به‌رده‌وامه‌ و تا ئێستا دوو راپۆرتی بۆ په‌رله‌مانی كوردستان هاتووه‌، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ئاراسته‌ی لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی كردووه‌، لیژنه‌كانیش كاریان له‌سه‌ر كردووه‌، ئێستاش چاوه‌ڕێی راپۆرتی سێیه‌می چاكسازی ده‌كه‌ین".

جێبەجێکردنی یاساکە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێگری سیاسی و ئیداری و قەیرانی دارایی خێرا نییە، بەڵام بەردەوامە و رۆژ دوای رۆژ بەرهەمی جێبەجێکردنی یاساکە دەردەکەوێت، کە کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی خەرجی و زیادکردنی داهات هەبووە، پەرلەمانتارێکیش ئاشکرای كرد، بەهۆی یاسای چاکسازییەوە حکومەت توانیوویەتی لە کاتی خۆیدا مووچە دابەش بکات.

رۆبینە‌ اوملیك عزیز، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان گوتی: "ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان پشتیوانیمان له‌ چاكسازی كردووه‌، كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێی ده‌كات، له‌ ماوه‌ی ئه‌و دوو ساڵه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌مدا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی رێكخستن كراوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش كابینه‌ی نۆیه‌م توانیوویه‌تی به‌بێ به‌غدا هه‌ر 30 رۆژ جارێك مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان دابین بكات، ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی كابینه‌كه‌".

ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ژمارە (22)ی لە 12/ 2/ 2020 بڕیاری پێکهێنانی لیژنەی باڵای بەدواداچوونی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی دەرکرد، له‌ سه‌ره‌تای نیسانی 2020ـدا رەشنووسی پەیڕەوی جێبەجێکردنی یاساکەی پەسەندکرد و له‌ وەقائیعی کوردستان بڵاوكرایه‌وه.

لە ماوەی (90) رۆژدا لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی رێکار و میکانیزمی پێویستی دانا بۆ دەرکردنی پەیڕەو و رێنمایی بۆ خستنەبواری جێبەجێکردنی یاساکە، کە لە 1/ 7/ 2020 چووە بواری جێبەجێکردنەوە، دواتریش حکومەتی هەرێمی کوردستان‌ راپۆرتێكی (151) لاپه‌ڕه‌یی، كە تێیدا وردەكاریی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە ماوەی سێ مانگدا خراوەتەڕوو، رەوانەی پەرلەمانی كوردستان كرد و بڵاویکردەوە.

د.ی