عێراق هەڕەشە لە ئێران دەکات

بەغدا پەنا دەباتە بەر یاسای نێودەوڵەتی
ئاڵای عێراق و ئێران
ئاڵای عێراق و ئێران

K24 - هەولێر

عێراق هەڕەشەی پەنابردنە بەر یاسای نێودەوڵەتی دەکات، ئەگەر ئێران بەردەوامبێت لەسەر گرتنەوەی ئاو.

مەهدی رەشید حەمدانی، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "عێراق ناچارە پەنا بباتە بەر یاسای نێودەوڵەتی، ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لەسەر گرتنەوەی بەشە ئاوی هاوبەشی عێراق و نەبوونی هەماهەنگی لەگەڵ عێراق، بۆ قەیرانی کەمئاوی کە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان دەستەبەریان کردووە، بۆ هاوبەشیکردنی زیانەکانی کەمئاوی".

ئاماژەی بەوەشکردووە "وێڕای چەندین جار داواکاری، ئێران بەردەوامە لەسەر گرتنەوەی ئاوی جۆگە و رووبارەکانی سیروان و ئەلوەند و کارون و کەرخە. ئەمەش زیانی گەورەی بە دانیشتووانی عێراق گەیاندووە، کە بۆ دابینکردنی ئاو پشت بەو ئاوە دەبەستن کە لە ئێرانەوە دێت".

وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق راشیگەیاند: "ئێران هیچ ئامادەییەکی نیشان نەداوە، بۆ کۆبوونەوە و چارەسەرکردنی کێشەکە".