کەشناسی لەبارەی کەشوهەوای رۆژانی داهاتوو زانیاری دەخاتەڕوو

کەشوهەوای هەرێمی کوردستان
گەرما
گەرما

K24 – هەولێر

بەگوێرەی پێشبینیەکانی کەشناسی، سبەی پلەی گەرما زیاتر بەرزدەبێتەوە و لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا پلەی گەرما دادەبەزێتەوە بۆ تێکڕای یاسایی خۆی لەم وەرزەدا.

فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی گوت: "سبەی دووشەممە پلەی گەرما تا دوو پلەی دیکە بەرزدەبێتەوە، ئەمەش بەردەوامی دەبێت، رۆژی چوارشەممە پێشبینی دەکرێت لە بەشی هەرە باشووری هەرێمی کوردستان کە خانەقین و ئیدارەی گەرمیان و کەرکووک پلەی گەرما نزیک دەبێتەوە لە 47 بۆ 50 پلەی سیلیزی، بەڵام لە ناوچەکانی دیکە لە نێوان 44 بۆ 45 پلە دەبێت".

گوتیشی: "رۆژی پێنجشەممە دابەزین لە پلەکانی گەرما روودەدات بە یەک تا دوو پلە، ئیتر پلەی گەرما دەگەڕێتەوە تێکڕای ئاسایی خۆی، کە لەم وەرزەدا لەنێوان 42 بۆ 43 پلەی سیلیزی دەبێت".

بەڕێوەبەری کەشناسی راشیگەیاند: "ئێستا پێشبینی هیچ شەپۆلێکی گەرما ناکرێت، ئەوەی هەیە تەنها بەرزبوونەوەی پلەکانە بە پلەیەک تا دوو پلە".