200 ملیار دینار لە بەغداوە خرایە سەر هەژماری بانکی هەرێم

بڕیاربوو هەفتەی رابردوو ئەو بڕە پارەیە بگات
دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 – هەولێر

200 ملیار دینار لەلایەن حکومەتی عێراقەوە خرایە سەر هەژماری بانکی هەرێمی کوردستان.

سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەو 200 ملیار دینارەی کە رێککەوتنی لەسەر کراوە، لەلایەن حکومەتی عێراقەوە خرایە سەر هەژماری بانکی حکومەتی هەرێمی کوردستان".

لەلایەکی دیکە فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا بە کوردستان24ی گوت: "بەپێی نووسراوێکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی عێراق بڕیار بوو رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 200 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران بخرێتە سەر هەژماری بانکی هەرێم، پاشان بەهۆی تەواوبوونی دەوامی فەرمی لە رۆژی پێنجشەممە دواخرا بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە".

پێشتر حەسەن نازم، وتەبێژی حکومەتی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاندبوو "ئەو بڕە پارەیە وەک سولفەیەک وایە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم، تاکو رێکارەکانی پشکی هەرێم لە یاسایی بوودجە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە".

لە 15/6/2021، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق گفتوگۆیان لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا کرد. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا رایگەیاند: "خۆشحاڵم رایبگەیەنم كە گەیشتووینەتە رێککەوتنێك كه‌ به‌شه‌ بودجه‌ی هەرێمی کوردستان بگه‌ڕێندرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە حيساب دەکرێت بە (أثر رجعي)".